چەند وەشانگەی دیكەش لە بەشداریی پیشانگای كتێبی تاران بێبەش كران

14:44 - 13 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بەپێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەكانی ئێران، پێچەوانەی ئیدیعای جێگری وەزارەتی ئیرشادی ئێران، نەتەنیا بڵاوگەی \"چشمە\"، بەڵكوو چەند بڵاوگەی دیكەش لە بەشداری لە پیشانگای كتێبی تاران بێبەش كران.

سەرچاوە هەواڵییەكانی ئێران بڵاویان كردەوە، كە بەهمەن دوڕی، جێگری فەرهەنگیی وارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی و لێپرسراوی بیست و پێنجەمین خولی پیشانگای كتێبی تاران پێشتر رایگەیاندبوو، جیالە بڵاوگەی \"چشمە\" هەموو وەشانگەكانی دیكە ئیزنی بەشداریی پیشانگای كتێبی تارانیان هەیە.

پاش كرانەوەی پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تاران دەركەوت، نەتەنیا وەشانگەی \"چشمە\"، بەڵكوو چەندین وەشانگەی دیكەی وەكوو:\"ئاهەنگ دیگر، ئۆمید فەردا، كەویر، تەیموورزادە، دەفتەری شێعری جەوان و بووتیمار\" ئیزنی بەشداری لە پیشانگایان پێنەدراوە.

پێشگیری لە چاپی كتێب:
پێشتریش بەپرسی وەشانگەی \"ئومید فەردا\" لەبەر چاپی كتێبی جەنجاڵیی \"لە میوانیی حاجی ئاغا\"بانگی ناوەندە ئەمنیەتییەكان كرابوو و هەروەها ساڵی 1388یش لەبەر چاپی 10 بەرگیی \"بیست و پێنج ساڵ لە ئێران چی گوزەرا ـ لە بازرگانەوە هەتا خاتەمی\" لەلایەن هەمان وەشانگەوە، وەزراەتی ئیرشادی پێشی بە چاپی بەرگەكانی دیكەی گرت.

\"4390.jpg\"
هەركام لەو وەشانگانە لە 12 هەتا 25 ساڵ پێشینەی كاری چاپیان هەیە و پێشتریش بە بڕیاری وەزارەتی ئیرشاد چەند وەشانگەی وەكوو \"چشمە، سالس، مەركەز و...\" جیا لە ئیزن نەدان بە حزوور لە بیست و پێنجەمین پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تاران، بۆماوەی 5 ساڵیش لە پیشانگا ناوخۆییەكانی وڵات بێبەش كران.

بە وەتەی خەشایار دەیهەمی، نووسر و وەرگێڕی ئێرانی مۆڵەتی وەشانگەی \"كوچك\" كە هی هاوسەرەكەیەتی لەسەر داوای حیراسەتی وەزارەتی ئیرشاد هەڵوەشاوەتەوە.

دەیهەمی ئاماژەی بەوەش داوە، وەزارەتی ئیرشاد هەڕەشەی لە هاوسەرەكەی كردووە كە ئەگەر بێت و پەیگیری هۆكاری ئەو بڕیارە بێت، بەرەنجامی خراپتری لێدەكەوێتەوە.

لە رۆژانی رابردوودا پتر لە 160 كەس لە نووسەر و رۆشنبیرانی ئێران و هەروەها كانووی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەكی ئیعترازیدا ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر پێشگیری لە بەشداریی \"وەشانگە سەربەخۆكان\"ی وەكوو \"چشمە و سالس\" و هەروەها دەسپێكی رەوەتی تازەی سانسۆر لە ئێران، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

\"4392.jpg\"
دوانیوەرڕۆی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 12ی بانەمەڕ بیست و پێنجەمین خولی پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تاران بە بەشداریی زیاتر لە 4 هەزار وەشانگەی بیانی و ناوخۆیی و بە خستنە رووی زیاتر لە 200 ناونیشانی كتێبی تازە دەستی پێكرد.

هەتا رێكەوتی 23ی بانەمەڕ دەخایەنێت و چەندین بەرنامە و رێوڕەسمی جیا لە پەراوێزدا بەڕێوە دەچێت، بۆ وێنە یادی دوو نووسەری گەورەی ئێرانی جەلال ئال ئەحمەد و سیمین دانشوەر دەكرێتەوە.