چیرۆکی هەژێنەری کۆڵبەرانی کورد لە سەردەشت کۆتایی نیە

21:01 - 21 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی کۆڵبەرێکی دیکەی لە شاری سەردەشت ئەستاند کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کردبوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەر کوژاوەی بە ناوی\"ئاکۆ قاسمی\" خەڵکی گوندی\"بێتووش\" ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، هێزە ئینتزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەیی پێشووتر، ئەو کۆڵبەرە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

ڕۆژانە بە سەدان کۆڵبەری کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی خۆیان لەدەست داوە

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی زایینیەوە، واتە لە دوو مانگی ڕابردوودا، ٣١ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو و باو و بۆران و ڕاوەدوونانی هێزە حکوومەتییەکان کوژراون.