چیرۆکی تراژیدیای لێقەوماوانی شنگال+وتووێژ

15:09 - 23 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ رۆژ لە هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد، رۆژ لە دوای رۆژ رەوشی لێقەوماوانی شنگال و گوندەکانی دەوروبەری بەرەو خراپتر بوون دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زۆربەی ئاوارەبوانی خەڵکی شنگال کە لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی داعشدا ئاوارە بوون، لە کەمپەکانی شاری دهۆک و زاخۆ نیشتەجێ کراون و بە وتەی ئەو ئاوارە بوانە، لە دەست کۆمەڵکوژی و بەدیل گیران رزگاریان بووە.

لەنێو ئەو کەمپانەی کە لە دەورووبەری شاری دهۆک کراونەتەوە، دەربازبوانی هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، باس لە تراژیدیا، برسییەتی لە چیای شنگال، کۆمەڵکوژی و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان بە دەستی چەکدارانی داعش، دەکەن.

\"21466.jpg\"
بەرەڤان قاسم یەکێک لە ئاوارەبوانی گوندی \"سیڤا\"ی سەربە شاری شنگال، دەڵێت؛ کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان چەکدارانی داعش هێرشیان هێنایە سەر گوندەکەی ئێمە و هەتا کاتژمیر ٧ی بەیانی بەرەنگاری ئەو تیرۆریستانە بووینەوە، و بەشێک لە خەڵک کە توانای جەستەییان هەبوو، گوندەکەیان بەجێهێشت و کۆمەڵێک پیر و ژن و منداڵ کە لە گوندەکەدا مانەوەو کەوتنە بەر دەستی چەکدارانی داعش.

ئەو کوردە ئیزەدییە گوتیشی؛ لەو هێرشەدا ٢٨ پیاو و زیاتر لە ٥٠ ژن و کچی خەڵکی گوندەکەی ئێمە (سیڤا) کەوتنە دەستی چەکدارانی داعش، کە هەتا ئیستا چارەنووسیان روون نییە و نازانرێت کە چییان لێ بەسەر هاتووە.

هەروەها ئامینە زکری ئەندامی پارلمانی کوردستان سەبارەت بە روودانی کۆمەڵکوژی دەڵێت؛ بەهۆی ئەوەیکە چەکدارانی داعش لەو ناوچانەن و نەتوانراوە لێکۆڵینەە بکرێت، بەڵگەیەکی روون لەبەر دەستدا نییە، کە بیسەلمێنێت، هاووڵاتییان کۆمەڵکوژ کراون یان نا.

\"21445.jpg\"
ئامینە زکری، ئەندامی پارلمانی کوردستان
ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤی پارلمان دەڵێت؛ لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا کە سەردانی کەمپەکانی دهۆکمان کردووە، پێدەچێت ٥٠٠ ژن و کچ بەدەستی چەکدارانی داعش رفێندرابێتن، کە هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن ئەو کچ و ژنانە لە رێگەی سووریەوە بۆ فرۆشتن بەرێ کراون.

زکری دەشڵێت، ئاوارەکان لە رەوشێکی زۆر نالەباری دەروونی و جەستەییدا دەژین ، هەر چەندە هەتا ئیستا حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە رەوشی لێقەوماوان کەمتەرخەمیی نەکردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت پێداویستیی ئەو هەموو ئاوارەیەی دهۆک دابین بکات.

ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤی پارلمان دەشڵێت، لە ئێستادا دهۆک لە بارێکی نائاساییدایە و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار پەنابەری خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا و شاری شنگال و دەوروبەری روویان لەو شارە کردووەو بەداخەوە هەتا ئێستا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە پراکتیک هاوکاریی ئێمەیان نەکردووە.

بەرەڤان قاسم دەڵێت، گوندەکەی ئێمە ٩ هەزار کەس حەشیمەتی هەیەو بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعشەوە روویان لە چیای شنگال کردو پاش ٨ رۆژ مانەوە لە چیای شنگال، هاتووینەتە کەمپەکانی دەوروبەری دهۆک.

ئەو کوردە ئیزەدییە گوتیشی؛ دوو برازای خۆم و پیرە پیاوێکی خەڵکی گوندەکەمان بەهۆی برسیەتییەوە لە چیای شنگال گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە، زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتیی ئاوارەی ئیزەدەی، بەهۆی برسییەتی و تینویەتییەوە لە چیای شنگال گیانیان لەدەست داوە.

بەرەڤان دەشڵێت؛ هەرێمی کوردستان بۆ خزمەت کردن بە ئاوارەبوان هیچ کێمایەسییەکی نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەموکۆڕی هەیەو لێقەوماوان پێویستیان بە هاریکاریی زیاتر هەیە.

\"21467.jpg\"
شەوکەت بەربەهاری بەرپرسی خاڵی سنووریی فیشخابوور دەڵێت؛ لە (ماوەی ٨ رۆژدا) رۆژی ٦/٨/٢٠١٤ (١٥ی گەلاوێژ)ـەوە بە ژماردە ١٠٠ و حەوت هەزار ئاوارەی خەڵکی شنگال و دەوروبەری لە خاڵی سنووریی فیشخابوورەوە هاتوونەتەوە شاری دهۆک.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، بە خۆشییەوە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چیای شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆ درابوون، کەم بووەو بەهۆی ئەوەشی کە کەس ناتوانێ سەردانی ئەو ناوچەیە بکات، ئامارێکی دروست و ورد لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەو چیایە ماونەتەوە، لەبەر دەستدا نییە.

چیای شنگال، زنجیرە چیایەکە، کە ٧٥ کیلۆمیتر درێژیی هەیە و لە کاتی هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر خەڵکی شنگال و دەوروبەری، هاووڵاتییان بە ناچاری روویان لەو چیایە کردووەو بەوتەی شەوکەت بەربەهاری هەر لە یەکەم رۆژی رووداوەکەوە، هاووڵاتییان بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو ناوچەکانی دیکەی هەرێم هاتوون و نیشتەجێ کراون.