چیا ئاقابەیگ‌پوور بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا

11:16 - 6 رێبەندان 2721

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "چیا ئاقابەیگ‌پوور" کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "ڕەحیم‌خان" سەر بە بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک و دوو مانگ زیندانی، لێدانی ٧٠ قامچی و بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان، چیا ئاقابەیگ‌پوور بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پاش دەسبەسەری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کردبوو.