چۆڕاوەی شوێنی شاردنەوەی زبڵەکانی مەریوان بووە هۆی پیسکردنی ژینگەی ناوچەی \"گاران\"

16:40 - 17 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: پاش بارینی باران لەم چەند ڕۆژەی دوایاییەدا و هەستانی لاوفاو، چۆڕاوەی شوێنی شاردنەوەی پاشماوەی زبڵ و خاشاکەکانی شاری مەریوان، ڕژایە ناو ڕووباری \"گاران\"ەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: پاش بارینەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، چۆڕاوەی شوێنی شاردنەوەی زبڵەکانی شاری مەریوان، ڕژاوەتە ناو ڕووباری \"گاران\"ی ئەو شارەوە.

چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان، وێڕای نیگەرانیی خۆیان لە پیسبوونی ژینگەی ناوچەی \"گاران\" ڕایانگەیاندووە: پیسبوونی ژینگەی ناوچەی گاران، پاش شاردنەوەی نابێهداشتی زبڵەکانی شاری مەریوان ڕوویداوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا هەروەها ڕایگەیاندووە: پیسبوونی سەرچاوەگرتووە لە چۆراوەی زبڵ و خاشاکەکان دەتوانێ ئاوی ئەو ڕووبارە بە گشتی پیس بکات کە نەخۆشیی جۆراوجۆریشی لێدەکەوێتەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، پێشتریش و بە شێوەی جیددی سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی نەشیاوی شاردنەوەی زبڵ لە ژێر خاک و هەروەها دیاریکردنی شوێنی نوێ بۆ پاشماوەی زبڵەکان، هۆشداری دابوو.

سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسان بۆ درووستکردنی کارگەی وەبەرهێنان به بێ پیسبوونی ژینگە، زبڵەکانی شاری مەریوان بە شێوەی نابێهداشتی دەکرێنە ژێر خاکەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، کێشەی شاردنەوەی پاشماوەی زبڵ و خاشاکەکانی شاری مەریوان لە ژێر خاکدا، یەکێک لە باسە سەرکییەکان بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارە، دەستێوەردانی هێزەکانی دژە شۆڕش و دەسبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەیی و مەدەنی.

ڕێکەوتی ٢ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، خەڵکی شاری مەریوان لە چوارڕێیانی شەبڕەنگی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاک، ئاگریان لە زبڵەکانی ئەو شارە بەردا.