چڕینی گۆرانیی کوردی لەزانکۆی روانسەر، ناڕەزایەتیی ناوەندە حکوومەتییەکانی لێکەوتەوە

15:50 - 22 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندنی گۆرانیی کوردی لەرێوڕەسمی کرانەوەی زانکۆی \"پەیام نوور\"ی شاری روانسەردا ناڕەزایەتیی هێزە ئیتلاعاتییەکان و بەرپرسی فەرهەنگ و ئیرشادی کرماشانی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەرێوڕەسمی کرانەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی \"پەیام نوور\"ی شاری روانسەر، بەرپرسی حیراسەتی زانکۆ و بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی کرماشان بەهۆی پێشکەش کرانی چەند پارچە مۆسیقای کوردی پەرچە کرداری توندیان نواند.

بەوتەی یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی \"پەیام نوور\"ی شاری روانسەر، هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسی فەرهەنگ و ئیرشادی کرماشان کە لەو رێوڕەسمەدا ئامادە بوون، بە مەبەستی رێگری کردن لەفیلمی ئەو رێوڕەسمە کە تیایدا گۆرانییە کوردییەکان پێشکەش کران، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی زەوت کردووە.

ئەو رێوڕەسمە کە رێکەوتی ١٨ی رەزبەر بەرێوە چوو، بەرپرسی فەرهەنگ و ئیرشادی کرماشان بەناوی \"محەممەدی\" لەو رێوڕەسمەدا رایگەیاندووە، \" زانکۆ شوێنی گۆرانیی کوردی نییە و پێویستە تیایدا سروودی ئینقلابی بخوێننەوە\".

دەگوترێت کە هەتا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بەرێوەبەرانی رێوڕەسمی کرانەوەی زانکۆ و خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نوور، ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە دەستی هێـزە ئەمنیەتییەکاندا ماوەتەوە.
\"16036.jpg\"