چوونە ژێرپرسیاری ئێران سەبارەت بە مافی منداڵان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

21:25 - 23 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بۆ یەکەمجار پرسی مافی خوێندن بە زمانی دایکی (کوردی) لە لایەن کومیتەی مافی منداڵان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتە بەرباس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاکامی ڕاپۆرتی کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، لە لایەن ٢١ ڕێکخراوی ناحکوومیی داکۆکیکار لە مافی منداڵان، بە تایبەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان _ ژێنێڤ، بە بەشداریی \"تەیموور ئەلیاسی\" نوێنەری ئەو ناوەندە کوردستانییە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

مژاری فێرکردن بە زمانی دایکی و مەترسییەکانی مین بۆ منداڵان، لە حەفتا و یەکەمین کۆبوونەوەی کومیتەی مافی منداڵان، بۆ منداڵانی کورد لە دەستووری کاری ئەو کومیتەیەدا خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوەی لێ‏ کرا.

ئەو ڕاپۆرتە نێردراوە باس لەوە دەکات کە خاتوو وێنتێر، وتەبێژی کومیتەی مافی منداڵان، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا، ڕووی لە هەیئەتی حکوومەتی ئێرانی کرد و ڕایگەیاندکە؛ ڕاهێنان بە زمانی دایکی بۆ منداڵانی گرووپە ئیتنیکیەکان لە ئێران، چ خەسارەتێک بە زمانی فارسی دەگەیەنێ؟.

بەرپرسی هەیئەتی ئێرانیی ئامادە بوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پێشنیاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە وەڵامدا ڕاگەیاند؛ بەتەنیا زمانی فارسی، فەرمی و میللیە و لە هەوڵی ئەوەداین زمانە ناوچەیی و قەومییەکان لە قوتابخانە و خوێندنگاکان بگوترێنەوە.

نێڵسۆن، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کومیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسیارێکی سەبارەت بە مەترسیدار بوونی مین، وەکوو هۆکارێک کە گیانی منداڵان لە مەترسی دەخات، ئاراستەی هەیئەتی نوێنەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرد.

تەیموور ئەلیاسی، چالاکی مافی مرۆڤ و یەکێک لە بەشداربووان لە دانیشتنی ڕۆژی ٢١ و ٢٢ی سەرماوەز، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند؛ \"وێڕای ئاماژە کردن بەو پرسانە، ناچار کردنی کچەکان بۆ پاراستنی حیجاب لە قوتابخانە، ئیعدامی منداڵانی ژێر هەژدە ساڵ، بارودۆخی منداڵانی سەرشەقام، ئازاری جینسی و توندوتیژی دژی منداڵان و...هتد، لە حەفتا و یەکەمین کۆبوونەوەی کومیتەی مافی منداڵ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ کران.

بەرپرسی هەیئەتی ئێرانیی داکۆکی لە بەرنامەکانی دەوڵەت، ڕایگەیاند؛ \"ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین هەتاکوو ساڵی ٢٠٣٠ هەڵاواردن دژی منداڵان لە ئێران نەهێڵین، ئەم وتانە مەحموود عەباسیی لەگەڵ دژکردەوەی بەرپرسی کومیتەی مافی منداڵان بەرەوڕوو کردەوە، کە ڕووی لە هەیئەتی ئێرانی کرد و گوتی: \"ئێوە ١٠ ساڵی ڕابردووش هەر ئەو بەڵێنەتان دابوو\".

عەباسی، بەرپرسی هەیئەتی ئێرانی لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە ئیعدامی منداڵان لە ئێران دەڵێت؛ \"ئێمە بە پشتبەستن بە تەمەنی یاسایی ١٥ساڵ و بەپێی یاسایەک کە سێ ساڵ پێش پەسەند کراوە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ژێر ١٨ساڵدایە، لە دادگایەکی تایبەتدا، دادگایی دەکرێن و ئەویش لەکاتێکدا سزا دەدرێن کە، ئاستی تێگەیشتووییان بە نیسبەت ئەنجامدانی ئەو کارەیان هەبێت.

لێدوانەکانی هەیئەتی ئێرانی لە کاتێکدایە کە، بەپێی ڕاپۆرتی کومیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٦٠منداڵی تاوانکاری مەحکووم بە ئیعدام لە ئێراندا بوونیان هەیە.

سەبارەت بە خەتەنەکردنی کچان لە کوردستان، نوێنەری جێگری سەرکۆمار بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵە لە ئێران، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو کێشەیە، وەکوو پاساو هێنانەوەیەک، باسی لە \"ئازادیی سونییەکان بە تایبەت پەیڕەوانی مەزهەبی شافێعی\" کرد لەو پەیوەندییەدا.

ڕاپۆرتی مافی منداڵانی ئێران لە ساڵی٢٠١٦دا، بە توندی لە لایەن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێ گیرا و ڕاپۆرتەکەیان بەدوور لە ڕاستییەکانی ئێران و کوردستان زانی.