چوار ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری دیواندەرە کوژراون

16:21 - 29 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە لە شاری دیواندەرە، چوار کەس لە ئەندامانی یەک بنەماڵە، لە لایەن یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران کە زاوایان بووە، کوژراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک لە شاری دیواندەرە، لە لایەن یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتییەوە کوژراون.

محەممەد سەلیم خەزووری،تەلێعە خەسووی، پرشنگ خێزانی، نینا کچی خەزووری لەم رووداوە کوژراون و هەروەها مندالێکی تەمەن ٥ ساڵیش بریندارە و هەنووکە لە نەخۆشخانەیە.

شوناسی بکوژەکە بە ناوی \"ڕەسووڵ سکرت\" خەڵکی گوندی \"شەریفئاوا\"، سەر بە شاری دیواندەرە و زاوای ئەو بنەماڵەیە ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، کە ڕەسووڵ فکرت ئەندامی سپای پاسدارانە و بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە دەستی داوەتە ئەو کارە و بە چەکی \"کلاشینکۆف\" تەقەی لەو بنەماڵەیە کردووە، کە خێزان و کچ و کوڕێکی خۆیشی تێدا بووە.