چوار کۆڵبەر لە ناوچەی هەورامان دەستبەسەر کران

14:31 - 22 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار کۆڵبەری کورد لە خاڵی سنووریی \"دۆڵەناو\"ی ناوچەی هەورامان، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢١ی بەفرانبار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی سنووریی \"دۆڵە ناو\"ی ناوچەی هەورامان چوار کۆڵبەری کوردیان بە ناوەکانی \"پشتیوان ڕەحمانی\"،\"هوشیار کەریمی\"،\"ڕۆژگار زەمانی\" و \"هیوا زارعی\" دەستبەسەر کردووە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پاش دەستبەسەرکردنی ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە، دەستیان بە سەر تەواوی کەلوپەلەکانی ئەوان داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچەی \"کانی زەردی\" شاری سەردەشت هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی ئەو ناوچەیە و دەستیان بە سەر کەلوپەلەکانیان داگرتووە و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیشییان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

کۆڵبەری یەکێک له مەترسیدارترین پیشەکانە کە لە کوردستان بە ئەژمار دێت و خەڵکی کوردستان بە هۆی نەبوونی کار و کێشەی ماڵی ڕوو لەو پێشەیە لە ناوچە سنووریەکان دەکەن، کە لەو پەیوەندییەدا، ساڵانە زیاتر لە سەدان کۆڵبەر، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنەخوار لە بەرزاییەکان و ڕاودوونانیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، لە سەر سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست دەدەن، کە زۆرترینی ئەو حاڵەتانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.