چوار چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ٣٦ مانگ زیندان مەحکووم کران

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، چوار چالاکی فەرهەنگیی کوردی بە ناوەکانی "شەهریار تەهماسبی و ئەردەشیر مووسەوی خەڵکی کرماشان، مستەفا باقری ئاشنا خەڵکی کەنگاوەر و ئەرسەلان هیدایەتی خەڵکی قوروە"، هەر کامەیانی بە ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

"شەهریار تەهماسبی" لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: "لقی دووی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتیی شاهرۆخ مورادی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و دروستکردنی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی، ئەو حوکمەیان بەسەرماندا سەپاندووە".

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، "شەهریار تەهماسبی، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و "ئەرسەلان هیدایەتی" ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ دەسبەسەر کرا.

ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

"ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧ هەتا ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٩٧، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە "بێبەریکردنیان لە مافی یاسایی و خەدەماتی دەرمانی" لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، مانیان لە خواردن گرتبوو.