چوار هاووڵاتیی پاوەیی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کران

14:00 - 5 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران، چوار لاوی پاوەیی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار لاوی خەڵکی شاری پاوە، بە ناوەکانی \"ئاسۆ مورادی کوڕی حەسەن، ئارش مورادی کوڕی محەممەدڕەشید، یووسف ئەحمەدی کوڕی ڕەفیق و شایان خالیدی کوڕی نامدار\"، لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری مەریوان دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار لاوە پاوەیییە پاش دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیا ن بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، هیچ زانیارییەکیان لەو پەیوەندییەدا دەست نەکەتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، لە گرتووخانەی هێزەکانی ئیتلاعاتدان و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان بەردەوامە.