چوار هاووڵاتیی مەهابادی دەسبەسەر کران

14:27 - 6 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد، چوار هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان ڕاگواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چند ڕۆژ پێش، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئیبراهیم بابایی\"، \"سوارە ڕەحیمی\"، \"کەریم ڕەسووڵی\" و \"سیاوەش باغەبانی\" خەڵکی گوندی \"ئیندرقاش\" سەر بە ناوچەی شاروێڕانی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهاباد، بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هەواڵدان بۆ بەرێوەبردنی جێژنی نەورۆز دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراون.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو ٢٩ی ڕەشەمە، سێ چالاکی مەدەنی، خەڵکی شاری سەڵماس سەر بە پارێزگای ورمێ، بە ناوەکانی \"مەحموود جەباری\"، \"ئەمین جەداری\" و \"حەمدوڵڵا کارساز\" لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگهێشت کراون.

بانگهێشت و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بەرەبەری جێژنی نەورۆزدا، ڕێژەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و چالاکانی مەدەنی، لەو باوەڕەدان کە هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هەوڵەیان بە مەبەستی ترس و دڵەڕاوکێ و پێشگیری لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستان ئەنجام داوە.