چوار هاووڵاتیی لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

22:03 - 28 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوشتنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستانی خۆرهەڵات گەیشته ١٢ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵەی خەڵکی شارۆچکەی کانی دینار شاری مەریوان بە ناوی \" خەدیجە مورادی\" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیەوە هەوڵی خۆسووتانی دا و لە ئەنجامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

دەگوترێت، خەدیجە بەهۆی دەرەجەی سووتانەکەیەوە لە نەخۆشخانەی بوعەلی شاری مەریوان بۆ چارەسەری پزیشکی دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە لەوی گیانی لە دەست داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری بوکان بە ناوی جەمیلە ڕۆستەمی تەمەن ٤٠ساڵە بە هۆی کێشە لەگەڵ مێردەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وکۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها ئەمڕۆ لاویکی تەمەن ٢٤ساڵە بە ناوی \"فاروق موحبی\" لە تایفەی خێڵی نەختە لە گوندی \" پێڵایی\" شاری جوانڕۆ خۆی هەڵواسیوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری خۆکشتنی ئەو لاوە کوردە نەزانراوە.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێاوەێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی خەڵکی گوندی \"جۆجاری\" سیا تایەری سەلاسی باوەجانی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە جوانڕۆیە بە ناوی \"کەریم\" ڕاگەیەنراوە و ئەمڕۆ تەرمەکەی لە تەنیشت پردی \"زمکان\" دۆزراوەتەوە.

کارناسانی بواری ژنان لەو باوەڕەن، هەژار، نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دیارەدە بەرچاوەکانی ڕێژەی خۆکوژییەکان لە کوردستان بە ئەژمار دێن و کێشەگەلێکی وەک\"دەمارگرژی مەزهەبی، دەستدرێژی و ئازاری جینسی، بە شوودانی زۆرملی، دردوۆنگی و بەدگومانی بە نیسبەت ژنان و دووبارە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی پیاوان، وباوک سالاری و پیاوسالاری بەرهەم هێنەرەوە بیرۆکەی خۆسووتان و خۆکوشتن لە کوردستانی خۆرهەڵات دان.