چوار هاووڵاتیی سەردەشت پاش دەسبەسەرکرانیان هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە

12:48 - 1 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت، کە ماوەی ٢٥ ڕۆژە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوون، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری سەردەشت ٤ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان که ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە دەسبەسەر کردووە، هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە لە سەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە سەردەشتییەی \"ڕەحمەت کوڕی قادر، بەرپرسی کتێبخانەی ئیمام شافعی، عەبدولڕحمان حەسەن نژاد کوڕی سەعید خەڵکی شارۆچکەی نەڵاس و دوو برای دیکە بە ناوەکانی سلێمان و محەممەد شاکری کوڕی حاجی ئەحمەد\"، ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: \"ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە پاش ماوەی ٢٥ ڕۆژە لە دەسبەسەرکرانیان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، چارەنووسیان هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکانیان دروست کردووه.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشتیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان کردووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون بە بنەماڵەکانیان خۆیان دەبوێرن.

ئەو سەرچاوەیەش هەروەها بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییەکان\" دەسبەسەر کردووە و ئەگەری هەیە ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرابێتنەوە.

ناوەندە ئیتلاعاتییەکان وەک ڕێکخراوی حیفازەت ئیتلاعات، ئیتلاعات، هێزە ئینتزامییەکان، حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەشەکانی حیراسەتی ئیدارە حکوومەتییەکان و بەسیج، لە دەسبەسەر کردن و ڕاودوونانی هاووڵاتییان لە ئێران و کوردستان بەبێ بەڵگەی یاسایی و قەزایی بەردەوامن.