چوار هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی باکوور دەسبەسەر کران

21:38 - 18 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ، هەنگی سنووریی ئەو پارێزگایە چوار هاووڵاتیی کورد، خەڵکی کوردستانی باکووریان دەسبەسەر کرد و بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگواست.

بەپێی هەواڵە گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ، هەنگی سنووریی پارێزگای ورمێ لە ناوچەی سنووری \"ئەسندرە\" چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی سنووری \"گلیشمی\" کوردستانی باکوور بە ناوەکانی \"ئادەم دەمیر\"، \"ڕەشاد سوورن\"، \"حەبیب سوورت\" و \"بایرام سوورن\" دەسبەسەر کردووە و بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگواست.

ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە \"شوان\" بوونه و سەرەڕای دەسبەسەرکرانیان لە لایەن هەنگی سنورییەوە، ٩٠٠ سەر مەڕیش دەستی بەسەر داگیراوە.

بە وتەی ئەو سەڕچاوەیە، \"ئادەم دەمیر و ڕەشاد سوورن\" بۆ بەندی ١٣ی لاوان و دوو کەسەکەی دیکە بۆ کانوونی چاکسازی و بەخێوکردن بەڕێ کراون.