چوار لاوی خوێندەواری ئایینی دەسبەسەر کران

14:17 - 7 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی زانستە ئایینییەکانی سونی مەزهەب، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ٣٠ ڕەزبەر، \"ئوسامە مەلەکی\" تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"کۆرکۆرە\"ی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو خوێندکارە ئایینییە کوردە، لە مزگەوتی گوندی \"ئاڵتوون\" سەر بە شاری سەقز، خەریکی خویندنی زانستە ئایینییەکان بووە و لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لەو گوندە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش دەسبەسەر کردنی ئەو لاوە خوێندەوارە، هۆشداریان بە بنەماڵەکەی داوە، لە بەمیدیایی کردنی هەواڵی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان خۆ ببوێرن.

دەوترێ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ ‌بەڵگەی قەزایی ئەو کەسەیان دەسبەسەر کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، تۆڕی جیهانی \"کلمە\"، بڵاوی کردەوە، سێ لاوی سونی مەزهەبی کورد بە ناوەکانی \"شاهۆ و تەوفیق میرەکی\" و \"کەیوان محەممەدی\" خەڵکی ئاساوڵە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سێ لاوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، بەبێ ‌ئاکام ماوەتەوە.