چوار زیندانی عەقیدەتی کورد حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانیان بە سەردا سەپا

14:55 - 6 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ چوار هاووڵاتیی سوننی مەزهەبی خەڵکی شاری بۆکان بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، چوار هاووڵاتیی عەقیدەتی کوردی بە ٢٠ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی\"عەبدولغەفوور ئاسووار، یەعقووب نوورە، کەماڵ عەلی ئەقدەم و هەژار فاروقی\" ڕاگەیاندووە و هەرکامیان بە ٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کراون.

بە پێی ئەو سەرچاویە، دادوەر، ئەو چوار هاووڵاتییە عەقیدەتییەی بە تۆمەتی\"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" تاوانبار کردووە.
ئەم زیندانیانە ڕێکەوتی ١٥ رەزبەری ئەمساڵ، لە کاتی گەشت و سەیراندا دەستبەسەر کرابوون.

پێشتریش ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ رەزبەری ئەمساڵ، هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی بۆکان و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سوننی مەزهەبی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

زۆربەی ئەو دەستبەسەرکراوانە بە دانی بارمتە ئازاد کران، بەڵام ئەو چوار کەسە پاش دوو مانگ مانەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ کران.

پێشتریش ‌هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە دۆخی نالەباری زیندانیانی پەیرەوی سوننه مەزهەب لە ئێران کردبوو، کە ئەو زیندانییانە لە بارودۆخێکی نالەباردا ماوەی مەحکووم بوونەکەیان تێدەپەڕێنن و بە شێوەی بەردەوام لە لایەن مەئموورانی زیندانەوە بە هۆی بیروباوەڕیان بێرێزیان پێ دەکرێت.