چوار زیندانیی سیاسیی کورد ماوەی ١٧ ساڵە لەزیندانی یەزد مەرەخەسییان پێ نەدراوە

20:29 - 16 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی سیاسیی کورد و ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پاش ١٧ ساڵ راگیران لەزیندانی ناوەندیی یەزد، مەرەخەسییان پی نەدراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عومەر ئیمامی تەمەن ٣٦ ساڵ، کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی \"کڵاش هۆش\"ی ناوچەی پاوە، کە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دەستبەسەر و دواتر بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا، پاش ١٧ سال راگیران لەزیندانی ناوەندیی یەزد، مافی مەرەخەسیی پێ نادرێت.

\"17244.jpg\"
محەممەد مورادی و عومەر ئیمامی پاش ١٧ سال راگیران لەزیندانی ناوەندیی یەزد، له مافی مەرەخەسیی بێ‌به‌ش کراون
جهانگیر حاتەمی یەکێک لە هاوبەندییەکانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ عومەر ئیمامی کەلە کاتی دەستبەسەر کرانیدا و لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداراندا بریندار کرابوو، لاقێکی لەکار کەوتووە و هەنووکە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە خزمەتی دەکرێت.

هەروەها گوتیشی عەلی ساڵحی و محەممەد مورادی کە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە گوندی \"پەسێ\"ی سەربە شاری کامیاران دەستبەسەر کران، پاش ١٧ ساڵ زیندانی و ئەشکەنجە، هەتا ئێستا مەرەخەسییان پێ نەدراوە.

جهانگیر حاتەمی باسی لەوەش کرد؛ موحەممەد مورادی هێچ کەسوکارێکی لە ئێران‌دا نییە و کەسوکاری ناوبراو بە ناچاری لە هەرێمی کوردستانی ئیراق نیشتەجێ بوونە و ناتوانن یارمەتیی ماددی بە دەستی رۆڵەکەیان بگەیەنن.

حاتەمی، کە لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لەگەڵ \"عومەر ئیمامی، عەلی ساڵحی، محەممەد مورادی و والی دروودی\" هاوبەند بووە، گوتیشی: ساڵی ١٣٧٧ ئەو چوار زیندانییە کوردە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد راگوێزران.

\"17245.jpg\"
والی دروودی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی سەربە شاری کامیاران، کە پاش زیاتر لە ١٧ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد مەرەخەسیی پێ نەدراوە
ناوبراو گوتیشی عەلی ساڵحی یەکێک لەو زیندانییە کوردانە بەهۆی نەخۆشییەوە چەندین جار لە بێهداریی نێو زیندان خراوەتە ژێر چاوەدێریی پزیشکەوە و ددانەکانیشی کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا شکاون، ماوەی ئەو ١٧ ساڵە تەنیا دەتوانێ \"تریت و خواردنی ئاوەکی\" بخوات.

هەروەها والی دروودی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی سەربە شاری کامیاران، کەپاش زیاتر لە ١٧ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد مەرەخەسیی پێ نەدراوە، و بەوتەی جهانگیر حاتەمی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک لەکاتی دەستبەسەر کرانیدا، دەیان جار باری تەندروستیی تێکچووە.

جهانگیر حاتەمی گوتیشی، پاش ئەوەی \"والی دروودی\" لەلایەن دادگای شاری کرماشانەوە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ برایەوە، لەسەر داوای خۆی لە هاوسەرەکەی جیابوویەوە.

دادگای ئینقلابی کرماشان \"عومەر ئیمامی و والی دروودی\"ی بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی نیزام\" بەزیندانی هەتاهەتایی و هەروەها \"عەلی ساڵحی و محەممەد مورادی\"، بە هەمان تاوان، بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە.
\"17246.jpg\"

\"17247.jpg\"

\"17248.jpg\"