چوارەمین كۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ سووریە

16:31 - 12 جۆزەردان 2712
كوردپا: شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ هەینی لە كۆبوونەوەیەكدا كوشتاری حەفتەی پێشووی شاری حولە لە سووریە تاوتوێ دەكات.

ئەو كۆبوونەوەیە كە لەلایەن 21 وڵاتی ئەندامی شۆرامی مافی مرۆڤ و 30 وڵاتی چاودێرەوە تەئید كراوە، چوارەمین كۆبوونەوەی ئەو شۆرایە كە لەمەڕ بارودجۆخی مافی مرۆڤی سووریە لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا دەگیرێت.

ماڵپەڕی رادیۆ فەردا بڵاوی كردەوە، بە وتەی چاودێرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریە، حەفتەی پێشوو 108 كەس لە شاری حولە لە پارێزگای حومسی سووریە بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریە كوژران كە 55 كەسیان منداڵ و 33 كەسی دیكەشیان ژن بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا رۆژی پێنجشەممە ئەرتشی ئازادی سووریە رایگەیاند: كە ئەگەر بێت و هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی سووریە هەتا نیوەڕۆی هەینی پابەندبوونی خۆیان بە بەندەكانی گەڵاڵەی كووفی عەنان رانەگەیەنن، ئەوانیش لەمەوبەدوا پابەندی ئاگربەس نامێننەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە \"بان گی مۆن\" سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی پێنجشەممە لە هەمبەر ئەگەر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی قورستر لە سووریە هۆشداری دا و وتی: ئەگەر بێت و گەڵاڵەی كووفی عەنان شكست بهێنیت، سووریە دەكەویتَە ناو شەڕێكی ناوخۆیی و قورسەوە و ناتوانێ‌ لێی دەرباز بێت.

هێلاری كلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش وتوویەتی: پشتیوانی كردنی مسكۆ لە حكوومەتی سووریە لە شۆرای ئەمنیەت، دەبێـە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە.

توندوتیژی و ئاڵۆزییەكانی سووریە لە ماوەی نزیك بە 15 مانگی رابردووە دەستیان پێكردووە و كۆمەڵێك هاووڵاتیی نیزامی و غەیرە نیزامی و بەتایبەت ژن و منداڵ بوونەتە قوربانی.

\"شەبەكەی مافی مرۆڤی سووریە\" لە دوایین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كرۆدتەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی كردۆتەوە، رێژەی كوژراوای ناڕەزایەتییەكانی سووریە هەتا ئێستا گەیشتۆتە 15 هەزار و 423 كەس.

بەپێی هەمان ئامار لە كۆی ئەو كوژراوانە 868 منداڵی كوڕ و 274 منداڵی كچ كوژراون.

بەپێی راپۆرتی شەبەكەی مافی مرۆڤی سووریە لە شاری حومس وەكوو خاڵی دەسپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان هەتا ئێستا پتر لە 6 هەزار و 208 كەس گیانینان لەدەست داوە و دووەمین شاری سووریە كە رێژەی قوربانیانی زۆرە، شاری ئەدلەبە كە 2 هەزار و 761 كەس لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریەوە كوژراون.

راپۆرتەكە لە درێژەدا نووسیویە كە رێژەی ئەو قوربانیانەی هاووڵاتیی غەیرە سوورین گەیشتۆتە 77 كەس كە زۆربەیان یان خەڵكی فەلەستین یان رۆژنامەنووسی بیانی بوون.