چوارەمین هەڵەی پزیشکی لە کوردستان قوربانیی لێ‌کەوتەوە

14:56 - 28 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: چەند ڕۆژ پێش هەواڵی لەبار بردنی منداڵێکی ساوا لە شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن کاربەرانەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمتەرخەمی و ناشارەزایی و ڕێ‌پێنەدانی دوکتور و پرسنێلی نەخۆشخانەی شاری پاوە بە ژنێکی دووگیان بوو بە هۆی ئەوەیکە ئەو ژنە منداڵە ساواکەی لەباربچێت.

ناشارەزایی و کەمتەرخەمیی دوکتورەکانی زاینگەی شاری پاوە لە تێنەگەیشتن لە نەخۆشینی ئەو ژنە، بوو بە هۆی لە بار چوونی منداڵێکی ٦ مانگە.

جێگری دەرمانیی زانکۆی علووم پزیشکیی شاری کرماشان، لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر ڕایگەیاند: هەڵە و کەمتەرخەمیی پزێشکانی شاری پاوە بوو بە هۆی لە بارچوونی ئەو منداڵە شەش مانگە.

سارە محەممەدی لە درێژەدا ئاماژەی کرد بە هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکی و گوتی؛ پاش سەردانی دایکی ئەو منداڵە بۆ ناوەندنی دەرمانیی شاری پاوە، لە لایەن کادری دەرمانیی ئەو ناوەندەوە ڕەوانەی زاینگە دەکرێت، بەڵام دوکتورەکان ئازاری ئەو ژنە دووگیانە بە ئازاری گورچیلە لێکدەدەنەوە.

ئەو بەرپرسە پزیشکییە دەڵێت؛ سێ بەرپرسی لەبار بردنی منداڵی ئەو ژنەن و ئەو دۆسیەیە ڕەوانەی نیزام پزیشکی کراوە.

سارە محەممەدی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ هەر یەک لە پزیشکانی پەیوەندییدار بە دۆسیەی لەبار بردنی ئەو منداڵە شەش مانگەی شاری پاوە، لانیکەم ١٥ ساڵ پێشینەی کاری پزیشکیان هەیە، لە کاتێکدا دەبێ لە ناوچە بێبەشەکانی شارەکان پزیشکان زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێشینەی کاریان هەبێ.

بڵاو بوونی ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی کاربەرانی لێ کەتووتەوە و بەو هۆیەوە بەرپرسی نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە غوڵام ڕەزا عەزیزی سەبارەت بە کەمتەرخەمیی و ناشاڕەزایی دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، ناچار بوو بە فەرمی داوای لێبوون لەو بنەماڵەیە بکات.

ئامارێکی ورد لەمەڕ رێژەی مردن بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە ئێراندا لە بەردەستدا نیە، بەڵام خاوەنڕایانی ئەو بوارە کەمبوونی هێزی مرۆیی، ماندوویەتی و کاری لەڕادەبەدەر، ئاشنانەبوون بە زانستی پزیشکی و هەروەها ڕێژەی زۆری نەخۆشەکان لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا ئەژمار دەکرێن.

لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگدا ئەمە چوارەمین هەڵەی پزشکییە لە کوردستان ڕوو دەدات.

لینکی پەیوەندیدار:
هەڵەی پزیشکی و ئاواتی بە ئاکام نەگەیشتووی نەخۆشەکان
هەڵەی پزیشکی ژیانی بنەماڵەکانی تاڵ کردووە + وێنه