چواردە زیندانی پشتیوانیان لە مانگرتنی چالاکێکی کرماشانی کرد

21:29 - 16 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە زیندانیی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج پشتیوانیان لە مانگرتنی چالاکێکی سیاسیی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چواردە زیندانیی سیاسی_عەقیدەتی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووتەوە لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج کە تێدا پشتیوانیی خۆیان لە داواکاری، سنفی، ڕەوا و یاسایی سەعید شێرزاد دووپات کردەوە.

مانگرتنی ئەو زیندانییە تەمەن ٢٩ ساڵەیە بووەتە هۆی دابەزینی کێش و زەختی خوێن و لەگەڵ ئێشی گورچیلەش بەرەوڕوو بووتەوە.

زیندانیانی ساڵۆنی ١٢ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە نامەیەکدا ویڕای پشتیوانیی خۆیان نیگەرانیان لە پێشهات و لایەنە نەرێنییەکانی مانگرتن لە خواردنی درێژماوە لە تەندروستی جەستەیی ناوبراو دەربریوە و داوای پێڕاگەیشتن هەرچی زووتر بە دۆخی سەعید شیرزاد دەکەن.

سەعید شێرزاد کە لە نێوەڕاستی ئەو حەوتوویەدا نەیهێشتبوو سێرۆمی بۆ هەڵواسن، وتوویەتی؛ \"با لەبەر دەنگی بێ دەنگانی نێو زیندان، مانگرتنەکەم تاکوو ڕۆژی سییەم بەردەوام بێ.\"

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، خەڵکی شاری کرماشانە و پێشتر و هاوکات بە مانگرتن لە خواردن، نامەیەکی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان کردبوو کە لەوێدا ئاماژەی بە \"بێڕێزی بەردەوامی مەئمووان بە بنەماڵەی زیندانیان، دەستبەسەر کردنی ئەندامانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، پێشگرتن لە ڕەوانەکردنی زیندانیانی سیاسی بۆ ناوەندی دەرمانی و ئازار و ئەشکنجەی زیندانی سیاسی و ڕەوانەکردنیان بە زۆرەملی بۆ دادگاە، بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.

شاهین ئیقدامی، فەرید ئازموودە، بێهزاد تەرحمی، سەعید پوور حەیدەر، خالید حەردانی، لەتیف حوسێنی، واحید خەلووسی، وەحید تیز فەهم، پەیام مەرکەزی، سەعید ماسووری، سەعید ڕەزاییان، کەیوان ڕەحیمیان، جابر عابدینی و ئیبراهیم فیرووزی لە واژۆکەرانی نامەی پشتیوانی لە سەعید شێرزاد بوون.

سەعید شێرزاد لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ی هەتاوی دەستبەسەر و لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بەسەرپەرەستی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی \" کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە تەناهیی نەتەوەیی\" سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.