چنینەوەی گوڵی نێرگز لە ئیلام دەستی پێکرد+وێنە

12:51 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ١٥٠ هەزار هێکتار لە زەوی و زارەکانی ئوستانی ئیلام گوڵی نێرگز تێدا چێندراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارستانی دەڕەشار لە ئوستانی ئیلام لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا ٥ ملوێن لق گوڵی نێرگزی لێ بەرهەم هاتووە، کە بە سەرچاوەیەکی داهاتی ئابووری بۆ هاووڵاتییان بە ئەژمار دێت.

گوڵەکان، کە زۆربەیان لە جۆری لالەی سروشتین، لە شارەکانی مێهران، دێهلوڕان و ئابدانان بەرهەم دێن.

ماوەی چنینەوەی گوڵی نێرگزی سروشتی لە ئیلام ٤٥ رۆژە و لە کۆتایی مانگی سەرماوەزەوە هەتا ناوەڕاست مانگی رێبەندان بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئەو بەراوردانەی کە ئەنجام دراون، داهاتی ئەو گوڵانە ٣٠٠ ملوێن تمەن بوون.

شارستانی دەڕە شار یەکێک لە ناوچە بە پیت و بەرەکەتەکانی ئوستانی ئیلام بۆ چاندنی گوڵی ننێرگزە، کە بۆ شارەکانی وەکوو کرماشان، سنە، تاران و هەمەدان هەناردە دەکرێت.

بەگوتەی خەیروڵڵا ئازەر کردار، بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئیلام، گوڵی نێرگز چەندین (ئالکالویید)ی جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە، کە تایبەتمەندیی دژە ڤایرۆسی تێدایە و هەروەها بۆ دروست کردنی دەوا و دەرمانیش کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

بۆن کردنی گوڵی نێرگز بۆ چارەسەر کردنی کۆمەڵێک نەخۆشیی وەکوو زیپکەی دەموچاو و شەوکوێری کەڵکی باشی هەیە.

هەروەها خواردنی ٦ گرەم گوڵی نێرگز لەگەڵ هەنگوین، هەموو جۆرەکانی کرمی نێو گەدە (معدە) لەنێو دەبات.
بە شێوەی زانستی و دروست، لە هەر هێکتارێکدا ٥٠ هەزار بن گوڵی نێرگز بەرهەم دێت.

هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار جۆر گوڵ و گیا لە ئیلام شناسایی کراون، کە ٣٣٠ جۆریان گیای دەرمانی و خۆراکی و سەنعەتین.

\"24630.jpg\"

\"24631.jpg\"

\"24628.jpg\"

\"24632.jpg\"

\"24633.jpg\"

\"24634.jpg\"

\"24636.jpg\"

\"24637.jpg\"