چریکەیەک لە ناخی کۆڕی غەریبانەوە بووە میوانی مەریوان+وێنە

13:12 - 5 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعیران و هونەرمەندانی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کۆڕە شێعرێکی تایبەتی لەو شارە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، شەوە شێعرێکیان لە ژێر ناوی (چریکەیەک لەناخی کۆڕی غەریبانەوە) بۆ شاعیرانی کلاسیکی شارەکە رێکخست، کە شەوی ٣ی خەزەڵوەر بە بەشداریی ئاپۆرای خەڵک بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕە شێعرییە کە تایبەت بە شاعیرانی کلاسیکی کورد بەڕێوەچووە، تێیدا دەیان شاعیر و هەڵبەستوان و مەقام بێژ و گۆرانی بێژی کورد بەشدارییان کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان رایگەیاند؛ چریکەیەک لەناخی کۆڕی غەریبانەوە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی ئەدەب‌دۆستی شاری مەریوان بەرەوڕوو بوویەوە و شێعری شاعیران جۆش و خرۆشێکی تایبەتیی لەنێو بەشداراندا پێکهێنا.

\"22876.jpg\"
پەیامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان لەلایەن فاتیح مستەفاییەوە خوێندرایەوە و پاشان ئەیوب گاگلی لە دەستپێکدا بە خوێندنەوەی شێعرێک، کۆڕەکەی رازاندەوە.

لەو کۆرە ئەدەبییەدا، رەزا سادقی، ئەحمەد بەهرامی، ئەحمەد حوسێنی، عوسمان ئەشکاوەند، ئەیوب گاگلی، عوسمان ئاوارە، سەدیق کەریمی، عەتا وەلەدی، فەریدە شاکیری، ستار میهرەبانی و عەبدوڵڵا ساوایی هۆنراوەکانی خۆیان پێشکەشی بەشداران کرد.

جافر زلکەیی و حوسێن پەناهی و ئەحمەد تار بە ژەنینی ئامێری نەی و شمشاڵ، لە کاتی پێشکەش کرانی شێعرەکاندا هاوڕێیەتیی شاعیرانی بەشداری کۆڕەکەیان کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا عومەر کارێزی بە دەنگە خۆشەکەی و رەشید کانی‌سانانی بەیت بێژی ناسراوی مەریوان، بە پێشکەش کردنی بەیتی (خولە پیزە)، کۆڕەکەیان رازاندەوەو کۆتاییان بە کۆرەکە هێنا.

کۆڕی غەریبان ئەنجومەنێکی سەربەخۆی شێعر و هۆنراوەی کوردییەوە و لە ساڵانی ٦٩ و ٧٠ی هەتاوییەوە دامەزراوەو بەشێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ئەنجومەنە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگیی مەریوانن، کە هەتا ئێستا لە بیاڤی شێعری کلاسیکی کوردیدا چالاکی دەکەن.
\"22873.jpg\"

\"22874.jpg\"

\"22875.jpg\"

\"22877.jpg\"

\"22878.jpg\"

\"22879.jpg\"

\"22880.jpg\"

\"22881.jpg\"

\"22882.jpg\"