چاپ و بڵاو کرانەوەی کتێىێکی بەڵگەمەند سەبارەت بەکۆمەڵکوژیی قاڕنێ

14:54 - 12 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سی‌و‌چوارەمین ساڵڤەگەڕی کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی کوردی گوندی قاڕنێ‌دا، کتێبێکی بەڵگەمەند لەسەر ئەو رووداوە مێــژووییە چاپ و بڵاو کرایەوە.

سۆران کەرباسیان نووسەری کتێبی \"٦٨، لە کاردانەوەی شۆڕشی ئێراندا\" بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک بەڵگە و دیکیۆمێنت، پەردەی لە زۆر لایەنی شاراوە و ناڕوونی ئەو کۆمەڵکوژییەی گوندی قاڕنێی سەربە شاری نەغەدە هەڵداوەتەوە.

نووسەر سەرەتا ئەم کتێبەی بە زوانی کوردی ئامادە کردووە و دواتر، لە بەر گرینگیی پرۆژەکەی و هەروەها ترس لە دەستکاری کردن و سانسۆری نێوەرۆکی کتێبەکەی، بە زمانی نۆروێــژی چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

\"15067.jpg\"
ئەو نووسەرە کوردە رایگەیاندووە کە هەتا ئێستا ئەو هەوڵانەی کە بۆ بەڵاڕێدابردنی مێــژووی رووداوی قاڕنێ بە وردی لەم کتێبەدا خراونەتە بەر لێوردبوونەوەو بە پشت بەستن بە بەڵگە و دیکیۆمێنت و هەروەها وتەی شایەتحاڵان، ئەم هەوڵانە پووچەڵ کراونەتەوە.

بە وتەی شایەتحاڵان و هەروەها هاووڵاتییانی گوندی \"قاڕنێ\"ی سەربە شاری نەغەدە، رێکەوتی ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی هێــزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییان و ٦٨ کەسی خەڵکی ئەو گوندەیان کە زیاتر ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە پێکهاتبوون، گولـلە باران و قەڵاچۆ کران.

بەپێی ئەو بەڵگە و دیکیۆمێنتانەی لەبەردەستدا هەن، لە مەودای نێوان ساڵەکانی ٥٨ هەتا ٦٢ی هەتاوی، زیاتر لە ١٤ جار هێرش کراوەتە سەر خەڵکی ناوچە جیا جیاکانی کوردستانی ئێــران و خەڵکی بێ تاوان کۆمەلکوژ کراون.

لەو هێرشانە دا سەدان هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە هەتا ئێستا تەنیا ناوی ٢٤٢ کەس لەو قوربانیانە تۆمار کراون کەلە کۆی ئەو ٢٤٢ کەسە ١٠٥ کەسیان هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ناوچەکانی نەغەدە و شاری مەهاباد بوون.