چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی لە هەرسین گەشەی کردووە

15:12 - 27 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شێعری دووبەیتیی شاعیر و نووسەری کورد \"ئارەش ئەفزەلی\" خەڵکی هەرسین، لە ماوەی ئەمساڵدا چەندەمین کتێبی کوردی بڵاو کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کتێبی \"ئەسەری ئاسارە\" کۆمەڵێک لە شێعرە دووبەیتییەکانی شاعیر و نووسەری هەرسینی \"ئارەش ئەفزەلی\" چاپ و درایە بازار. بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە، پێگەی فەرهەنگی و ئەدەبییی هەرسین لە کرماشان زیاتر خۆی نیشان دا.

کتێبی ئەسری ئاسارە، کۆمەڵێک لە دووبەیتییەکانی ئەو شاعیرە کوردەیە کە لە ماوەی یەک دەیەدا بەرهەمی هێناوە.

ئەو کتێبە لە ١١١ لاپەڕەدا و لە ١٠٠٠ نووسخەدا، لە لایەن \"نەشری داستان\"ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە بە هۆی ناسراویی ئەو شاعیرە و ڕابردووی چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی لە ئاستی پاریزگای کرماشاندا و شارەزایی ناوبراو لەسەر شێعری کوردی، مێژوو و ئەدەبی کوردی، بایەخێکی زۆر بە بەرهەمەکانی دەبەخشێت.

ئارەش ئەفزەلی، شاعیر و نووسەری کورد بە پێشینەی سێ دەیە چالاکیی فەرهەنگی لە پارێزگای کرماشان، هەنووکە دەبیری ئەنجوومەنی شێعری کوردی لە هەرسینە و لەو ڕێگایەوە توانیوێتی بە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی ساڵانەی \"گەڵاڕێژان\" لە شاری هەرسین فەزای شێعر و ئەدەبی کوردی گەشاوە بکات.