چاپی کتێبی لێکۆڵه‌رێکی خه‌ڵکی پاوه/ کرانه‌وه‌ی پیشانگایه‌ک له‌ سه‌حنه‌

20:32 - 24 رەزبەر 2712
ئاژانسی کوردپا: کتێبی شێعری شاعیرێکی ناوچه‌ی هه‌وارامان له‌ هه‌ولێر چاپ و بڵاو کرایه‌وه.

به‌رگی یه‌که‌می کتێبی \"که‌شکۆڵی هه‌ورامان\" به‌رهه‌می نووسه‌ری کورد \"محه‌ممه‌د ره‌شید ئه‌مینی\"، له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپی \"ئاکادیمیی کوردی\" له‌ شاری هه‌ولێر چاپ کرا.

ماڵپه‌ڕی \"کۆمه‌کاڵ\" بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ له‌ نوێترین کتێبی ئه‌م لێکۆڵه‌ره‌ \"پاوه‌\"ییه‌دا، ژیاننامه‌ و به‌رهه‌می شاعیرانی ناوچه‌ی هه‌ورامان که‌ هه‌تا ئێستا چاپ نه‌کراون، یان به‌ شێوه‌ی نێوه‌چل له‌ چاپ دراون، کۆی کردۆته‌وه‌ و چاپ و بڵاوی کردوونه‌ته‌وه.

کتێبی که‌شکۆڵی هه‌ورامان به‌گشتی ٤ به‌رگ له‌خۆ ده‌گرێت که‌ به‌شێک له‌ میرات و که‌له‌پووری کوردی که‌ مه‌ترسیی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ر بووه، رزگار کردووە و زۆرێک له‌ به‌رهه‌می ده‌ستنووسی شاعیران پاراستووه.
\"9418.jpg\"
بێجگه‌ له‌ چاپ‌دانی به‌رگی یه‌که‌می ئه‌م به‌رهه‌مه‌ که‌ ٢٤٤ لاپه‌ڕه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، به‌رگی دووهه‌میشی له‌ ژێر چاپ دایه.

سه‌ره‌تای مانگی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ، دیوانی شێعری میرزا عه‌بدولقادر \"پاوه‌\"یی ( ١٨٤٩- ١٩١٠ زایینی) که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ کۆکرانه‌وه‌ی \"محه‌ممه‌د ئه‌مین هه‌ورامی\" چاپ و بڵاو کراوەته‌وه‌، موحه‌ممه‌د ره‌شید ئه‌مینی بۆ جاری دووهه‌م به‌ نیمچه‌ ئاڵوگۆڕیک دیسان له‌ چاپی داوه‌ته‌وه.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ له شاری سه‌حنه‌ پیشانگایه‌کی خۆشنووسی له‌ به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا \"ئا سه‌ید ئیمان خامۆشی\" و زۆرێک له‌ خۆش‌نووسانی پارێزگای کرماشان کراوه‌ته‌وه.

به‌پێی هه‌واڵی \"کوردپرێس\" ئه‌و پیشانگایه‌ پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی هزری منداڵان و مێرمنداڵانی شاری سه‌حنه، پێکهاتوو له‌ ٧٠ به‌رهه‌م ده‌ست به‌ کاره‌کانی ده‌کات.