چاوەدێری نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ ئەرتشی سووریەی بە ئەنجامدانی جینایەتی جەنگیی تاوانبار كرد

13:34 - 14 بانەمەڕ 2712
كوردپا: چاوەدێری مافی مرۆڤ كە بە یەكێك لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار، ئەرتشی حكوومەتی سووریەی بە ئەنجامدەری جینایەتی جەنگیی تاوانبار كرد.

ئەو رێكخراوەیە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان تێكهەڵچوونەكانی دەورووبەری پارێزگای ئەدلەب لە باكووری سووریە جیالە هێرشێكی \"بوغزاوی\" هیچ شتێكی‌تر نیە.

هێرش و توپبارانی ئەرتشی سووریە بۆ سەر هاووڵاتییانی پارێزگای حەلەب بەردەوامە و رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 13ی بانەمەڕ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو هاووڵاتیی دیكە گیانیان لەدەست داوە.

\"4400.jpg\"
چاوەدێری مافی مرۆڤ بڵاوی كردۆتەوە، ژمارەیەك بەڵگە و دیكیۆمێنت لەبەر دەست دایە كە دەرخەری ئەوەن ئەرتشی سووریە پابەندی رێككەوتنی ئاگربەس نەبوون و لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەرتشی ئازادی سووریە بەدەوام بوون.

بەپێی دوایین ئامارەكان لە ماوەی دوو حەفتەدا 95 هاووڵاتیی مەدەنی بە تەقەی هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی سووریە كوژراون و بە سەدان بیناش وێران كراون.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا باس لەوە دەكات، كە هەتا ئێستا بە هەزاران هاووڵاتیی بێ‌ ئەوەی تاوانەكانیان روون بكرێتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریەوە قوڵبەست كراون و لە زیندانەكانی ئەو حكوومەتە دان.

بەشار ئەسەد سەركۆماری حكوومەتی سووریە بڕیاری دابوو كە 2 لەسەر سێ‌ ئەو زیندانیانە ئازاد بكرێن، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بڕیارە نەچۆتە قۆناغی جێبەجێ‌ كردنەوە.

رێكەوتی 24‌ی خاكەلێوە رێككەوتننامەی ئاگربەس لە نێوان ئەرتشی ئازادی سووریە و حكوومەتی سووریە بە ناوبژیوانیی كوفی عەنان نوێنەری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكیەتیی عەرەب بۆ كاروباری سووریە، واژۆ كرا.

هەر لەو پێوەندییەدا كوفی عەنان وتیشی: ئەرتشی حكوومەتی سووریە پابەندی رێككەوتننامەی ئاگربەس نەبووە و درێژە بە ئوپەراسیۆنەكانی خۆی دەدات و لەو نێوەشدا ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتییانی مەدەنی بوونەتە قوربانی.