چاوپێكەوتنی چالاكێكی مافی مرۆڤی كورد لەگەڵ ئەحمەد شەهید

15:49 - 28 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: ئەمجەد حوسێن پەناهی چالاكی مافی مرۆڤ لەمەڕ دۆخی مافی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسیی كورد لەئێران، دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ رێپورتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئێران پێكهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٥ی سەرماوەز ئەو دیدارە ئەنجام دراوە و تێیدا ئەمجەد حوسێن پەناهی راپۆرتێكی لەمەڕ نامەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەكانیان پێشكەش بە ئەحمەد شەهید كردووە و داوای لێ‌كردووە بە زووترین كات بەدواداچوون بەو راپۆرتەدا بكات.

لەو بارەیەوە كەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی بڵاوی كردبۆوە، حوسێن پەناهی وێڕای رەخنە لە راپۆرتەكانی ئەم دوایانەی ئەحمەد شەهید لەمەڕ كەمتەرخەمی بەنیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ لەكوردستان، داواشی لێكردووە و كەلە راپۆرتەكانی داهاتوودا پرسی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی كورد و دۆخی مافی مرۆڤ بگونجێنێ‌.

لەبەشێكی دیكەی ئەو راپۆرتەی كە ئەمجەد حوسێن پەناهی پێشكەشی بە ئەحمەدشەهید كردووە، پرسی زیندانیانی عەقیدەتی، پەنابەران لەتوركیە و كوشتنی كۆڵبەرانی كورد و دۆخی ئەمنیەتی كردنی كوردستانی تێیدا هاتووە.

لەدرێژەی راپۆرتەكەدا ئاماژە بە ئێعدامی ئەم دوایانەی ١٨ هاووڵاتیی بەلووچ، چوار چالاكی عەرەب و سێ‌زیندانیی سیاسیی كورد و هەروەها دۆخی كوردستان دوای هاتنەسەركاری \"رۆحانی\"‌یش كراوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی وەكوو نوێنەری كەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی داوای لە ئەحمەد شەهید كردووە كە سەرنجی زیاتر بە ناوەند و سایتەكانی مافی مرۆڤ بدات و لەگەڵیان پێوەندی راستەوخۆ ببەستێت.