چالاكێكی فەرهەنگی و خوێندكاریی كورد بە ناچاری وڵاتی بەجێ‌ هێشت

21:30 - 1 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی کوردپا: چالاكێكی فەرهەنگی و خوێندكاریی كورد، كە ماوەیەك لەمەوپێش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەر كرابوو، بە دانانی 80 میلیۆن تمەن وەسیقە ئازاد كرا و پاش زەخت و گوشاری لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە، بە ناچاری وڵاتی بەجێ‌ هێشت.

شاهۆ حوسێنی چالاكی فەرهەنگی و خوێندكاریی خەڵكی مەهاباد كە رێكەوتی 24ی جۆزەردانی 1391ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر كرابوو، پاش دانانی 80 میلیۆن وەسیقە و ئازاد كرانی بە شێوەی كاتی، بە ناچاری وڵاتی بەجێ‌ هێشت.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە وتووێژێكی كورتدا لەگەڵ شاهۆ حوسێنی زانیاریی زیاتر و وردتری ورگرت، ناوبراو لەم بارەوە وتی:\" زۆربەی چالاكییەكانی من لە چوارچێوەی چالاكیی فەرهەنگی و خوێندكاریدا بوون و بەهۆی ئەو وتار و بابەتانەی كە هەر لە ساڵی 1383ەوە نووسیومە، بەردەوام لەژێر چاوەدێریدا بووم\".
\"5379.jpg\"
ئەو چالاكە خوێندكاریە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئیدارەی ئیتلاعاتنی شاری مەهاباد سەرەنجام هەموو چالاكی و بابەتەكانمیان كۆ كردەوە و كردەیانە بیانوویەك بۆ گیرانم و رێكەوتی 24ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەگەڵ چەند چالاكی خوێندكاری و فەرهەنگیی دیكەی شاری مەهاباد گیرام و بۆ ماوەی 16 رۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعات و زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لەژێر لێپرسینەوەدا بووم\".

شاهۆ حوسێنی وتیشی: \"پاش هەوڵێكی زۆری بنەماڵەكەم بە دانانی 80 میلیۆن تمەن وەسیقە بە شێوەی كاتی هەتا كاتی دادگایی ئازاد كرام، بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەكان بە هیچ شێوەیەك وازیان لێنەدەهێنام، هەڕەشەیان لێدەكردم، رۆژی وا هەبوو دوو جار دەهاتن بە دوامدا و تەلەفۆنیان بۆ دەكردم و دوایین بیانوویان ئەوە بوو كە من بۆ لێپرسینەوە دەبێ‌ بڕۆمە تاران و دواتر بۆم دەركەوت دەیانهەویست پەروەندەیەكی ئەمنیەتیم بۆ ساز بكەن و سەرەنجام منیش بە ناچاری وڵاتم بەجێ‌ هێشت\".

هاوكات لەگەڵ شاهۆ حوسێنی، دیاكۆ خەیات، یەعقووب، خزری، جەماڵ قادرنژاد و ئاكۆ سەلیمی کە هەر چواریان چالاكی خوێندكاری بوون كە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر كراون و بە وتەی شاهۆ حوسێنی هەتا ئێستا هەر لە گرتنگە و زیندان دان.

ـ شاهۆ حوسێنی خوێندكاری ساڵی ئاخری كارناسیی باڵای رشتەی زانستە سیاسییەكانی زانستگای \"ئیمام خومەینی\" قەزوین بووە.
ـ لە ساڵی 1379 ەوە هەتا ساڵی 1384 بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بووە.
ـ ماوەی 10 ساڵە مامۆستای قوتابخانە دواناوەندییەكانی شاری مەهابادە.
ـ لە بواری فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیه‌وه‌ كەسێكی چالاكە.