چالاكێكی فەرهەنگیی كوردی خەڵکی مەشهەد بە زیندانمەحکووم کرا

16:55 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەشهەد چالاكێكی فەرهەنگیی كوردی بە زیندانی کردن حوكم دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەلیڕەزا سپاهی‌لایین چالاكی فەرهەنگی، لەلایەن لقی ٢‌ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری مەشهەدەوە بە ١١ مانگ زیندان مەحكووم كراوە.

\"19271.jpg\"
عەلیڕەزا سپاهی‌لایین، چالاكی فەرهەنگی
ئەو نووسەرە لە كوردەكانی \"خوراسان\"‌ـە و بە \"پەرەپێدان بە بیرۆكەی نەتەوەیی\" و وتنی شێعری رەخنەیی تۆمەتبار كراوە.

هەواڵنێری كوردپا لەشاری خوراسانەوە رایگەیاند، ئەو حوكمە مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ دەركراوە، بەڵام چەند رۆژ لەمەوبەر بە ئاغای سپاهی لایین راگەیەندراوە.

پێشتریش ئەو چالاكە فەرهەنگییە بۆ ماوەی ٨ مانگ لەزینداندا راگیرابوو و ئێستاش دەبێ سێ‌ مانگی دیكە زیندانی بكێشێتەوە.

عەلیڕەزا سپاهی‌لایین ١٠ كتێبی بەزمانەكانی كوردی و فارسی لەچاپ داوە و بەیەكێک لەنووسەرە بەناوبانگەكانی ئێران دێتە ئەژمار.

ئەو نووسەرە كوردە لە زانكۆی مەشهەد فەرمانبەرە و ماوەی بیست ساڵ لە بیاڤی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیدا چالاكی دەكات.