چالاكێكی‌ سیاسی‌ دیسان ده‌سبه‌سه‌ر كرایه‌وه‌

16:12 - 19 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کورد و خوێندکاری دوکتورا، خەڵکی شاری نەغەدە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لەو شارە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سه‌رله‌به‌یانیی‌ ئه‌مڕۆ سێشەممه ١٩ی پووشپەڕ، شەهاب ئەحمەدی ئازەر، خوێندکاری قۆناغی دکتورا‌ و چالاكی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی، دانیشتووی شاری نەغەدە و سەر بە ناوچەی سندووس، له ‌لایه‌ن ئیتلاعاتی‌ ڕێژیمه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كرا.

پێشتر لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، حوکمی ٦مانگ ‌و یەک ڕۆژ زیندان‌ و هەروەها لێدانی ٦۰ قامچی بۆ ئه‌م چالاكەی‌ بڕیبووەوە ‌‌و ڕوون نییه‌ کە ئه‌مڕۆ له ‌لایه‌ن رێژیمه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ حوكمی‌ زیندانەکەی ده‌سبه‌سه‌ر كراوه،‌ یان دیسان تۆمه‌تی‌ نوێیان داوه‌ته‌ پاڵییەوە‌.

ئه‌م خوێندكاره‌ چالاكه‌ بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە پارتە دژبەرەکانی شۆڕشى ئیسلامی\"‌ و هەروەها \"کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە سەرەتای ساڵی ۹۵ هەتاوی، لە شاری نەغەدە\" دەسبەسەر کراوە ‌و پاشان لە لایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، حوکمی ٦ مانگ‌ و یەک ڕۆژ زیندان‌ و لێدانی ٦۰ قامچی‌ و یەکساڵ دەرکردن بە شێوەی کاتی لە خوێندن لە قۆناغی دکتورا، کە پێشتر لە لایەن دادگای شاری نەغەدە مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو لە مانگی گوڵانی ساڵی ۹٥ دەسبەسەر کرا و پاشان بە دانانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەم کەسە، باسی لە گوشاری بەردەوامی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسڵامی بۆ سەر ئەم چالاكه کوردەی کرد، بە شێوەیەک کە لەم چەند ساڵی ڕابردوودا، ناوبراو بە هۆی گوشاری ناوەندەکانی\" ئیتلاعاتی سپای پاسداران ‌و ئیتلاعاتی ڕێژیمی‌ ئێران لە شاری نەغەدە، زیاتر لە چوار جار ڕەوانەی زیندان کراوە. ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی لێدوانەکەی باسی لە بانگهێشتکردنی شەهاب لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان کرد ‌و هەڕەشەی ده‌سبه‌سه‌ركردنی‌ دووبارە ‌و کردنەوەی دۆسییەی جیاوازی لە ئەگەری هەر شێوە چالاكییەک لێ کراوە.

شەهاب ئەحمەدی ئازەر ئەندامی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی هەتاو بووە، کە ساڵی ٨۷ی هەتاوی داخراوە. هەروەها بەڕێوبەری ناوەندی نافەرمیی \"كۆتر\"ـە ، بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی ‌و ئاشتی.

شەهاب پێشتر لە ساڵەکانی۸۱ - ۹۱ - ۹۳ - بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان‌ و چالاكی لە دژی نیزام دەسبەسەر کراوە ‌و پاش تێپەراندنی حوکمەکەی ئازاد کراوە.

ناوبراوە خوێندکاری قۆناغی\" دکتورای بایۆمیکانیک\"، لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای تەورێز بووە. هەروەها لە ساڵی ۹۲ بە تۆمەتی چالاكیی سیاسی دەسبەسەر کراوە ‌و لە لایەن بەرپرسانی زانکۆی پەیامی نووری ورمێ، وەک خوێندکاری کارناسی زانستی سیاسی، بۆ ۲ تێرم بە شێوەی کاتی لە خۆێندن بێبەش کراوە.

دکتۆر شەهاب خێزاندار‌ و خاوەنی دوو منداڵە ‌و لە ساڵی ۹٤ بەربژێری هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێران لە شارەکانی نەغەدە ‌و شنۆ بووە ‌و لە ساڵی ۹٦ بەربژێری ئەنجومەنی شاری نەغەدە بووە، کە لە هەر دوو هەڵبژاردندا، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی پەیوەندیدار، بە هۆی هەبوونی پێشینەی سیاسی‌ و زیندانبوونی، شیاوبوونی ناوبراو پشتڕاست نەکراوەتەوە.