چالاكێكی سیاسیی كورد بۆ سێهەمین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەكان دەكرێت

13:54 - 9 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: چالاكێكی سیاسیی خەڵكی شاری ئیلام بۆ جاری سێهەم بانگهێشتی یەكێك لەناوەندە ئەمنیەتییەكانی ئەو شارە كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مووسا ئومیدی چالاكی سیاسیی ـ فەرهەنگیی دانیشتووی شاری ئیلام رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٨ی بەفرانبار بە مەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشتی پۆلیسی ئەمنیەتی سەر بە هێزی ئینتزامی كراوە.

مووسا ئومیدی یەكێك لە ئەندامانی شۆرای بەڕێوەبەریی بەرەی یەكگرتووی كورد و نوێنەری ئەو بەرەیە لە ئوستانی ئیلامە.

\"23914.jpg\"
مووسا ئومیدی چالاكی سیاسیی ـ فەرهەنگیی دانیشتووی شاری ئیلام و یەكێك لە ئەندامانی شۆرای بەڕێوەبەریی بەرەی یەكگرتووی كورد و نوێنەری ئەو بەرەیە لە ئوستانی ئیلامە
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو پێوەندییەدا بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، لەماوەی ٥مانگی رابردوودا ئەو چالاكە سیاسییە سێ‌جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات، حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا و هێزی ئینتزامی كراوە.

ئەو چالاكە سیاسییە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا باسی لە لێپێچینەوەكردنی بۆ ماوەی ٤ كاتژمێر لەئیدارەی ئیتلاعاتدا كردووە.

مووسا ئومیدی ئاگادار كراوەتەوە كە دەبێ‌سەر لە بەیانی ئەمڕۆ رێكەوتی ٩ی بەفرانبار خۆی بە ئیدارەی پۆلیسی ئەمنیەتی گشتیی هێزی ئینتزامی بناسێنێ‌.