٦ چالاکە دەستبەسەر کراوەکەی دیکەی هەولێر ئازاد کران

14:52 - 1 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: شەش چالاکە دەستبەسەر کراوەکەی دیکەی زیندانی \"مەحەتە\"ی هەولێر بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستان لەزیندان ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانبار مستەفا شێخە، چیا مەلاک، پێشەوا عەلی‌پوور، رامان پیرۆتی، ئامانج سەڵواتی و محەممەد فەرهادزادە پاش ٤٥ رۆژ دەستبەسەر کران، لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بڕیاری ئازادی کرانیان بۆ دەرچوو.

پاریزەری ئەو ٦ چالاکە سیاسییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە ئەو ٦ چالاکە سیاسیەی هەتا کاتی تەکمیل کردنی پەروەندەکە بە سپاردنی ٥ ملیۆن دینار بارمتە ئازاد کرد.

ئەییاد ئیسماعیل کاکەیی گوتیشی کە هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەک بۆ بە تاوانبار بوونی ئەو ٨ کەسە لەبەر دەستی دادوەری لێکۆڵینەوەدا نین، بەڵام ئەم کەسانە تەنیا وەکوو رێکخەری خۆپیشاندانەکەی پارکی شانەدەر دەستبەسەر کراون.

ئەو پاریزەرە کوردە باسی لەوەش کرد ئەگەری زۆرە لەماوەی داهاتوودا و بەپێی ماددەی ١٠ لە یاسای خۆپیشاندان تۆمەتەکە لەسەر ئەو ٨ چالاکە کوردە لاببەین و دۆسیەکەیان دابخەین.

هەروەها رێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز عەلی ئیسماعیل نژاد و فازڵ پارەکار کە هاوڕێ لەگەڵ ئەو ٦ کەسە دەستبەسەر کرابوون، هەرکام بە دانانی ٥ ملیۆن تمەن بارمتە لە زیندانی محەتەی هەلێر ئازاد کران.

رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ دوابەدوای خۆپیشاندانەکەی شاری هەولێر کە بۆ مەحکووم کردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ولاتی ئێران بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران چوونە بەردەم کونسوولخانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەهەولێر و کونسوولخانەی ئەو حکوومەتەیان بەردباران کرد.