چالاکێکی یارسانی لە باکووری ئێران دەستبەسەر کرا

20:00 - 2 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی یارسانی کورد لە یەکێک لە شارەکانی باکووری ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری \"نکا\" سەر بە پارێزگای مازندەران لە باکووری ئێران چالاکێکی دووخراوەی یارسانی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕاگواست.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٨ی خەرمانان دەستبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا، تەنیا جارێک لە ڕێگای پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە و ئەوانی لەو پەیوەندییەدا، ئاگادار کردووتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە شوینی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو چالاکە یارسانییە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"حوسێن مەنسووری\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاویە، ئەو چالاکە یارسانییە بۆ باکووری ئێران دوورخرا بووە و ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ ناوەندەکانی ئایینی یارسان لە پەیوەندیدا بووە و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو پەیوەندییەدا، بانگەشە و چالاکی هەبووە.

بە وتەی چالاکانی ئایینی یارسان، لە ماوەی زیاتر لە ٣٧ ساڵی رابردوودا، هاووڵاتییانی یارسانی لە لایەن دەسەڵاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی ئازار و هەڵاواردنی مەزهەبی و ئایینی بوونەتەوە.