چالاکێکی کورد دوای ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی رەت کرایەوە، بزماری لە لاقەکانی داکوتا+وێنە

21:13 - 3 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان و نیشتەجێی وڵاتی سوید، پاش ئەوەی بۆ جارێکی دیکە داوای پەنابەرییەکەی رەت کرایەوە، دوو بزماری لە لاقەکانی خۆی داکوتا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی دانش، کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە هاوکاری کردنی دەزگا زانیارییەکانی وڵاتی ئیسراییل تۆمەتبار کراوە، بۆ چوارەمین جار داوای پەنابەرییەکەی لەلایەن وڵاتی سویدەوە رەت کرایەوە.

عەلی دانش لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لەماوەی رۆژانی رابردوودا ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی سوید بۆ چوارەمین جار داوای پەنابەرییەکەی رەت کردوومەتەوە، بۆیە بڕیارم داوە هەتا ئەو کاتەی مافی پەنابەریم پێ نەدرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو دوو بزامرە لە لاقەکانم دەرناهێنمەوە\".

\"20134.jpg\"
عەلی دانش، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە هاوکاری کردنی دەزگا زانیارییەکانی وڵاتی ئیسراییل تۆمەتبار کراوە
ئەو چالاکە کوردە گوتیشی، هەنووکە ماوەی ٣ رۆژە مانم لە خواردن گرتووەو هەتا ئەوە کاتەی وەک پەنابەر وەنەگیریم دەست لەمانگرتن هەڵناگرم و داوا لەدەسەڵاتدارانی وڵاتی سوید دەکەم بە دەم داواکانمەوە بێن.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری ئەوە هەیە پۆلیسی وڵاتی سوید سنوورداشی وڵاتی ئێرانم بکەنەوە، کە بە دڵنیاییەوە لە ئەگەری رادەست کردنەوەم بۆ ئێران بەرەوڕووی مەترسیی گیانی دەبمەوە.

پێشتریش لەرێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا کەژاڵ هوژەبری هاوسەری عەلی دانش، هاوڕێ لەگەڵ هیوا هوژەبری مامی کەژاڵ هوژەبری، لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندی عەلی دانش دەستبەسەر کرابوون و بەرەوڕووی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەوە.