چالاکێکی کورد بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

14:10 - 29 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی سێ ساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی کورد بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، فەروخ عەبدی\"، چالاکی تێلگرامی خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

\"\"
فەروخ عەبدی
یەکێک لە نزیکانی فەروخ عەبدی بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ئەو چالاکە کوردە، کە بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"ئامانج\" بووە بە تۆمەتی\"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندان و هەروەها بە تۆمەتی \"بێڕیزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران\" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە\".

ئەو حوکمە بە شێوەی فەرمی بەو چالاکە تێلگرامییە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو لە ئێستادا لە زیندانە.

بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو(٩٦)، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە شاری قشم دەسبەسەر و ڕەوانە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کراوە.

کاناڵی تێلگرامی \"ئامانج\" هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ڕووماڵ دەکات و ئامانجی لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان \"پاراستن و ناساندنی فەرهەنگ و وێژەی کوردی\" ڕاگەیاندووە.