چالاکێکی کرێکاری لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

12:18 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای رەوتی بانگهێشت کردن و دەستبەسەر کردنی چالاکانی کرێکاری لە کوردستان، یەکێکی دیکە لەو چالاکە کرێکارییانە دەستبەسەر کرا.

ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، رۆژی شەممە رێکەتی ١٦ی بەفرانبار چالاکێکی کرێکاری به ناوی \"محەممەد مەولایی\" خەڵکی شاری مەهاباد پاش خۆ ناساندن بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا لە دەستبەسەری دایە.

\"10613.jpg\"
واحید سەیدە و محەممەد مەولایی
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران یان تاوانی ئەو چالاکە کرێکارییە لەبەر دەستدا نییە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی \"عەباس هاشم‌پوور\" خەڵکی شنۆ، \"حوسێن پیرۆتی\" خەڵکی شنۆ، \"واحید سەیدە \"خەڵکی مەهاباد و \"عەلی نەجاتی\" خەڵکی سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و چەندین کاتژمێر لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.

پێشتریش رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز ٥ چالاکی کرێکاریی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی \"هادی تەنوومەند\"، جەماڵ میناشیری\"، قاسم مستەفاپوور\"، \"ئیبراهیم مستەفاپوور\" و \"محەممەد کەریمی\" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسر کران و هەتا ئێستا لە زیندانی ئەو شارە راگیراون.