چالاکێکی کرێکاری بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

12:25 - 19 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی یەک ساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی کرێکاری کورد خەڵکی شاری کامیاران بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"ئومید ئەسەدی\" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری کامیاران لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەعیدی\" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە هۆی چالاکی لە بیاڤی کرێکاری و پشتیوانی لە مافی کرێکاران، ئەم حوکمەی بە سەردا سەپاووە.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، ئەم چالاکە کرێکارییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، لە کاتی دەسبەسەر کردنیدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.