چالاکێکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنه کرا

14:39 - 24 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: بانگهێشت و گوشار بۆ سەر چالاکانی کرێکاریی کورد لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە درێژەی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی بانگهێشت‌کردنی چالاکانی کرێکاریی کورد، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، \"زاهید مورادی\" چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنه و لێپێچینەوەی لێکراوە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی بانگهێشتی ناوبراو لە ڕێگای تەلەفوونەوە داوایان لە ناوبراو کردبوو کە کارتی شوناسیش لەگەڵ خۆی بێنێت.

تا ئێستا هۆکاری بانگهێشتی زاهید مورادی و لێکۆڵینەوە لە ناوبراو ناڕوونە.

هەر لە پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاوژینی چالاکێکی کرێکاریی لە شاری سەقز بە تۆمەتی \"بێرێزی بە پیرۆزییەکان\" تاوانبار کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، لقی دووی دادگوستەریی شاری سەقز \"نەجیبە ساڵح زادە\"ی بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکردووە.

ساڵح زاده لە لایەن پۆلیسی ئەماکنی گشتیی فەرماندەیی ئینتزامیی شاری سەقز بانگهێشت کرابوو.

دادوەری دادگوستەری، \"نەجیبە ساڵح زادە\"ی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک لە فەیسبووک لەمەڕ پشتیوانی‌کردن لە کرێکاران و بەتایبەتی ڕەزا شەهابی ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا، مەحموود ساڵحی هاوسەری نەجیبە ساڵح زادە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک لە فەیسبووکەکەی خۆیدا، نوسیوویەتی: \" نەجیبە وێڕای بە درۆ خستنەوەی ئەو تۆمەتانە، ڕایدەگەیەنێت کە فەیسبووکی نیە و ئەو تۆمەتانشی قەبوول نیە.

دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، نێردراوەتە لقی دووی دادگوستەریی شاری سەقز و نەجیبە بە دانانی بارمتەی ١٢ میلیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

هاوسەری نەجیبە ڕادەگەیەنێت، لێپرسینەوە و سازکردنی پەروەندە بۆ ناوبراو، تەنیا بەو هۆکارەوەیە کە نەجیبە خێزانی کەسێکی کرێکارە و دادوەری دۆسیەکەش لە لێدوانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە.