چالاکێکی کرێکاریی لە شاری سنە چارەنووسی ناڕوونە

15:53 - 24 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکان، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی چالاکێکی کرێکاریی، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕاندنی ٦ ڕۆژ بە سەر دەستبەسەرکردنی \"ئارمین شەریفی\"، چالاکی کرێکاریی و خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری سنە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارییە ڕایانگەیاندووە: \"سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانمان. هێشتا لە بارودۆخی ڕامین هیچ زانیارییەکمان نییە\".

بە وتەی بنەماڵەی شەریفە، \"پاش ٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئارمین بەداخەوە هەتا ئێستا نە ئیدارەی پەیوەندییدار و نە دادوەری دۆسییەکەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئارمینیان پێمان نەداوە و هەروەها ئارمین بەبێ ‌هۆ دەسبەسەر کراوە\".

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ، \"ئارمین شەریفی\" چالاکی کرێکاریی و ئەندامی سەندیکای وەرزی و بیناسازیی شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دەسبەسەر کرا.