چالاکێکی کرێکاریی بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

15:51 - 26 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، چالاکێکی کرێکاریی کوردی بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی کورد بە ناوی \"ئەحمەد ئەمینی\" کوڕی خودادا، لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری\" بەپێی مادەی ١٥٤ یاسای سزای ئیسلامیی کتێبی \"تعزیرات\"، بە شەش مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، بە هۆی بێکاری و دەسکورتی و نەبوونی پیشینەی ئەم چالاکە کرێکارییە بەپێی مادەی ٤٦ی یاسای سزای ئیسلامی، حوکمی زیندانی ناوبراوی بۆ ماوەی یەکساڵ لە کاتی دەرکردنی حوکمەکە هەڵپساردووە.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" بێتاوان دەرچوو.

ئەحمەد ئەمینی، کرێکاری بێکاربووی پۆڵای زاگرۆس، ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە، دەسبەسەر و ٢٧ی هەمان مانگ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.