چالاکێکی پێشووی خوێندکاریی کورد لە ورمێ، بانگهێشتی دادگە کرا

13:24 - 6 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی پێشووی خوێندکاریی کورد لە زانکۆی ئازادی ورمێ، کە ٥ ساڵ پێش ئێستا چووبوویە سەر گڵکۆی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، بانگهێشتی دادگەی ئینقلابی شاری سنە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەهدی دۆعاگۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگەی ئینقلابی شاری سنەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە رێکەوتی ٢٥ی مانگی رێبەندان، خۆی بە دادگەی ئینقلاب بناسێنێت.

مەهدی دۆعاگۆ، کە بەرپرسی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی ورمێ بوو، ساڵی ١٣٨٨ بەهۆی چوونەسەر گڵکۆی \"ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی\"، هاورێ لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد دەستبەسەر و دواتر بە دانانی ٥٠ ملوین تمەن بارمتە، کرابوو.

\"24384.jpg\"
مەهدی دۆعاگۆ، بەرپرسی پێشووی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی ورمێ
ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٨٦ی هەتاویدا لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کراو پاش ٩ رۆژ مانەوە لەو ئیدارەیە، بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست دا.

مەهدی دۆعاگۆ، کە پێشتریش چەندین جار سەبارەت بە پەروەندەی چوونە سەر گڵکۆی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی لە دادگەی ئینقلابی سنە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، هەتا ئێستا ئەو پەروەندەیەی بە کراوەیی ماوەتەوە.

ئەو چالاکە کوردە، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩١ی هەتاوی لەلایەن لقی ١ی دادگەی ئیقلابی شاری سنەوە حوکمی ٦ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو و هەڵپەسێرانی ئەو حوکمە بە ماوەی ٥ ساڵی بۆ بڕایەوە، کە دواتر ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کوردستانەوە پشتڕاست کرابوویەوە.

دادگای شۆڕشی شاری سنە تۆمەتی \"مەهدی دۆعاگۆ\"، بەرپرسی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کوردی (زانکۆی ئازادی ورمێ)ی، \"هەوڵدان دژی تەناهی نیزام\" راگەیاندبوو.

ئارام. ح