چالاکێکی مەدەنی لە شاری بۆکان حوکمی سێ ساڵ زیندانی بەسەر داسەپا

15:24 - 30 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ حوکمی سێ ساڵ زیندانی بە سەر چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری بۆکان دا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوار شەممە ٢٩ی بەفرانبار، چالاکێکی مەدەنی لە شاری بۆکان، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ سزای سی ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە.

ئیسماعیل سانیار چالاکی مەدەنی و خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠ دادگای پێداچوونەوە لە شاری ورمێ حوکمی سێ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕایگەیاند: دادگای پێداچوونەوە، ئەو چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی\"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای یەکێک لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیەنەکانی تاراوگە\"، بە سێ ساڵ زیندان حوکم دا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو باریەوە بڵاوی کردەوە کە؛ ئیسماعیل سانیار، پاش دوو جار دادگایی کردن لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن دادوەران، عەلیار خەلیل زادە و محەممەد ڕەزایی، ئەم حوکمەی بەسەردا سەپێندراوە.

ئیسماعیل سانیار لە گەڵ ١٧ كەس لەمامۆستایانی زمانی كوردی، هونەرمەند، مافناس و روناكبیرانی شاری بۆكان بە مەبەستی ئیدانەكردنی هێرشی داعش بۆ سەر خاكی كوردستانی سووریە و رێزگرتن لە بەرخودانی نەتەوەی كورد لە كۆبانی بۆ ماوەی سێ‌رۆژ مانیان لە خواردن گرت.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە پاش ماوەیەک لە زیندانی بوون بەدانی بارمتە بە شێوە کاتی ئازاد کرا.