چالاکێکی مەدەنیی کورد بێتاوان ناسێندرا

14:33 - 3 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز، حوکمی بێتاوانیی چالاکێکی مەدەنی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نەجیبە ساڵحزادە، چالاکی مەدەنی، لە شاری سەقز و هاوسەری مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاریی لە کۆبوونەوەی دادگا بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەید جەعفەر ڕەحیمی\" بەرپرسی لقی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بەبێ تاوان ناسێندرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" لە لقی سێی دادیاری دادگوستەری ئەو شارە تاوانبار کرابوو.

لە حوکمی ئەو چالاکە مەدەنییە هاتووە: \"دادگا به تاوان زانینی کردەوەکانی تاوانبار، لەگەڵ شک و گومان بەرەوڕوویە، بۆیە هیچ هۆکارێکی سەلمێنەر بۆ ڕەت کردنەوەی نییه و هەروەها بە پشتبەستن بە ماددەی ١٢٠ یاسای سزای ئیسلامی حوکمی بێتاوانی ناوبراو ڕادەگەیەنین.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، دادگوستەری شاری سەقز لە ڕێگای تەلەفۆنەوە داوای لەو چالاکە مەدەنییە کوردە کردبوو، کە خۆی بە لقی سێ دادیاریی دادگوستەری بناسێنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، دووی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، حوکمی یەکساڵ زیندانی تەعزیزی بۆ مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاریی کورد و هاوسەرەکەی نەجیبە ساڵحزادە لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوە پارێزگای سنە بە پارە گۆڕدرا و لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، بەبێ بوونی پارێزەر لە دادگای سەرەتاییی شاری سنە، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە ڕێکخراوکانی ئۆپۆزسیۆنی نیزام و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.