چالاکێکی مەدەنیی پاش دادگایی کردن هێشتا چارەنووسی ناڕوونە

14:03 - 22 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سنە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەی پاش ٨٠ ڕۆژ دادگایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، \"ئەفشین حوسێن پەناهی\" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە پاش ٨٠ ڕۆژ دەستبەسەری، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە دادگایی کرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ ئاژانسی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"دادگای ئینقلابی شاری سنە ئەفشین حوسێن پەناهی بە تۆمەتی\"لاینگەری لە حیزبە کوردییەکان، تەبانی و پڕوپاگەندە و پەیوەندیی لەگەڵ ڕاگەیەنەکاندا، ئەو چالاکە مەدەنیەی تاوانبارو مەحکووم کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، \"لە کاتی دادگایی کردنی ئەفشین هیچ کەسێک لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە لە دادگا ئامادە نەبوون و دادگا ئیزنی بە بنەماڵەی ئەفشین نەداوە لەوێدا بەشدار بن\".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: \"ئەفشین حوسێن پەناهی بەبێ پارێزەر دادگایی کراوە و هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووتەوە کە لە لایەن دادگاوە درابوونە پاڵی\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"دادگا هەتاکوو ئێستا هیچ حوکمی بۆ ئەو چالاکە مەدەنییەکوردە نەبڕیوتەوە\".

پێشتریش، ئەمجەد حسێن پەناهی چالاکوانی مافی مرۆڤی کورد لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت بنەماڵەی ئێمەیان خستووەتە ژێر هەڕەشە و هەروەها هەڕەشەیان کردووە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەتان دەستبەسەر و \"ئەفشین و ڕامین\" ئیعدام دەکەین\".