چالاکێکی مافی مرۆڤ بە ٧٤ زەربەی قامچی مەحکووم کراوە

14:24 - 4 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠١ی سزای دادگای گشتیی شاری سەقز، حوکمی ٧٤ زەربە قامچی، بۆ چالاکێکی مافی مرۆڤی خەڵکی شاری سەقز و یەکێک لە هاوکارەکانی ئاژانسی هەواڵی موکریان بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"بەختیار خۆشناو\"، چالاکی مافی مرۆڤ و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان، لە لقی ١٠١ی سزای دادگایی گشتیی شاری سەقز، بە ٧٤ قامچی تەعزیری و ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کراوە.

ئەم چالاکە کوردە، لە دادگادا بە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتی، لە ڕێگای بەشداریی لە کۆبوونەوەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرت بە شێوەی \"هەواڵ و وێنە\" بۆ ڕاگەیاندنەکان تاوانبار کراوە.

دەوترێ، سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەختیار خۆشناو، بە هۆی نەبوونی پارێزەر لە کاتی دادگاییدا، بەڵام ناوبراو هەروا بەبێ پارێزەر مەحکووم کراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکی مافی مرۆڤە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لقی ١٠١ی تاوانەکانی دادگای سەقز بەڕێوە چووە.

ناوبراو، ٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و پاش مانگێگ، ڕۆژی چوارشەممە سێی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتەی ١٣٧ میلیۆن تمەنی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، بەختیار خۆشناو، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات، لە دادگای سەقز دادگایی کرا.