چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد ٦ مانگ زیندانی بۆ پشتڕاست کرایەوە

14:49 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەلكی شاری مەهاباد لە زیندانی تەورێز بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی دادگای ئینقلابی شاری تەوریز مانی لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاوات شێخەلئیسلامی چالاکی مافی مرۆڤی کورد، کە رێکەوتی ٢ی بانەمەڕ بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، رۆژی ١٧ بانەمەڕ و بۆ ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤی‌یە، رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ حوکمی ٦ مانگ زیندانیی تەعزیریی بۆ پشتڕاست کراوەتەوە و هەنووکە لە بەندی ٤ی زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز ماوەی ئەو حوکمە تێپەڕ دەکات.

ئاوات، رێکەوتی ٢ی بانەمەڕ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری تەورێزەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز گوازرایەوە.

ئەو چالاکە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد کە لە شاری تەورێز دووکانی وێنەگری هەیە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"تەبلیغ دژی نیزام لە رێگەی هاوکاری کردنی زیندانیانی سیاسیی سەربە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تۆمەتبار کراوە.

ئاوات شێخەلئیسلامی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری تەوریز دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ رۆژ لێپرسینەوەی لێکراو دواتر بە دانانی ٣٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا.