چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد بۆ زیندانی سەقز گوازرایەوە

14:38 - 20 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی خەڵکی شاری سەقز و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی هەواڵی موکریان بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەختیار خۆشناو، چالاکی مافی مرۆڤی کورد، خەڵکی شاری سەقز پاش لێپرسینەوە لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

ئەو چالاکی مافی مرۆڤە، ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

جۆزەردانی ئەمساڵ، بەختیار خۆشناو بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات\" لە دادگای سەقز دادگایی کرا.

بەختیار خۆشناو هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان دەرچووی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی شاری زەنجانە.

لەو پەیوەندییەدا، پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکی و شایی و خۆشی لە شەقامەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسییە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بوو، کە لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

شوناسی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی شاری سەقز، ئەم ناوانەی خوارەوەیە:
مێهرداد فەیزوڵڵا، هیوا دەستباز، سارینا فەتحی، حەمید ڕەزایی، جەلال کەسنەزانی، ئەیووب حەسەنزادە، شاهۆ ساڵحی، عادڵ کەریمی، یەدوڵڵا کەریمی، هێمن کەریمی، بەهادین شەهابی، عەلی حوسێنی، خالید عەلیپوور، عەتا ڕەحمانزادە، فەرزاد مەحموودی، ڕووناک ئەحمەدی، فەرزاد فەرج پەناهی، زانیار بەخشی، عەلی ئیبراهیمی، هەژیر مەولوودی، هیوا زارعپوور، فەرزاد ساوان، جەمال سەرشیو، لەیلا خەلیل‌زادە و شیرکۆ موریدزادە.

هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز، جوانڕۆ، بانە، مەریوان، پاوە، هەورامان، کامیاران و ساین‌قەڵا جگە لە هەڕەشە کردن لە لاوان و چالاکانی مەدەنی ئەم شارانە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردیان لە پەیوەندیی لەگەڵ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر کردووە، کە تا ئێستا چارەنووسی بەشێکیان ناڕوونە.