چالاکێکی سیاسی کورد زێدی خۆی بەجێهێشت

13:52 - 21 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: گوشاری هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر چالاکێکی سیاسی خەڵکی شاری مەهاباد، بوو بە هۆی هەڵاتنی ئەو چالاکە سیاسییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"محەممەد شێرکۆ حەسەنپوور\" لە ژێر گوشاری و هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعاتی بە ناچاری ڕووی لە تاراوگە کرد.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بە هۆی بەشداریی لە شادی و خۆشی بۆ ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان، لە ژێر گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، زێدی خۆی بەجێهشت و ڕووی لە وڵاتی تورکیە کرد.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ساڵی ٩١ بە تۆمەتی \"ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" و \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" دەسبەسەر کرا و لە لایەن لقی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەوادی کیا\" بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، پاش پێداچوونەوە بە حوکمەکەی، لە ٧ ساڵ کەم کرایەوە بۆ ٥ ساڵ و هەروەها لە سەر بڕیاری دۆزگەری گشتی پارێزگای ورمێ بەهاری ساڵی ڕابردوو بۆ زیندانی شاری مەهاباد گوازرایەوە و مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ ئازاد کرا.

هەروەها، ئەو چالاکە سیاسییە لە جەریانی مانگرتنی زیندانییانی سیاسی زیندانی ناوەندەیی شاری ورمێ، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە زیندانییانی سیاسی کورد بۆ ماوەی یەک مانگ مانیان لە خواردن گرتبوو.