چالاکێکی سیاسی کورد بۆ عاسیمە جەهانگیر: وەکوو قوربانی تیرۆر بناسرێم

14:42 - 18 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسی کورد دانیشتووی وڵاتی سۆئد و قوربانی تیرۆریزمی حکوومەتی ئێران نامەیەکی بۆ عاسیمە جەهانگیر، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نووسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەلا حەسەن ئیبراهیمی\" ناسراو بە \"مەلا حەسەن شێوەسەڵی\"، چالاکیی سیاسی کورد، دانیشتووی وڵاتی سۆئێد لە نامەیەکدا بۆ عاسیمە جەهانگیر باسی لە دۆخی دەروونی پاش تێرۆری سەرنەکەوتووی، لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە کرد.

ناوبراو لەو نامەیەدا نووسیوویەتی، لە سەرەتاکانی ژیانمدا لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا بووم و ماوەی چەند دەیەیە کە ئەندامی ئەو حیزبەم؛ لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە کراومەتە ئامانجی تێرۆر و لە ڕێگای دوو کەس لە مەئموورانی ئیتلاعات کتبێکی بومبڕێژکراویان بۆم نارد، کە پاش تەقینەوەی ئەو بۆمبە لەو کتێبەدا هەر دوو دەست و هەردوو چاوم لە دەست دا و سەرەڕای چارەسەری پزیشکان لە بەغدا، پاریس، هوڵەند و سۆئێد نەمتوانیوە ساغی و سڵامەتی خۆم بە دەست بێنم و هەوڵی پزیشکان بۆ چارەسەری من لەو بارەیەوە نەرێنی بووە.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە لە درێژەدا دەڵێت: هەتا ئێستا ئەو تاوانەی کە بەرانبەر بە من کراوە بە فەرمی نەناسراوە و چەند جارێک پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد شەهید گرتووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و نەمتوانیوە چیرۆکی کارەساتباری ژیانی خۆمی بۆ باس بکەم.

لە نامەکەی مەلا حەسەن شێوەسڵیدا هاتووە، من ئاگادار کرامەوە کە ئێوە وەکوو جێگرەوەی ئەحمەد شەهید لە بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران چالاکیی دەکەن، من هێندێک لە وێنەکانی خۆمتان بۆ زانیاری زیاتری ئێوە لە سەر بارودۆخ و هەوڵە نامرۆڤانەکانی حکوومەتی ئێران لەو پەیوەندییەدا، بۆ دەنێرم.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە ڕایگەیاندووە کە چارەنووسی هەژێنەری من دەتوانێ بەڵگەیەکی ڕوون بۆ ناسینی دەموچاوی تیرۆریزم و مەحکووم کردنی ئەو دیاردە ماڵوێرانکەرە بێت.

مەلا حەسەن شێوەسلی لە کۆتایی نامەکەیدا، داوا لە عاسیمە جەهانگیر دەکات، ناوبراو وەکوو قوربانی تیرۆریزم لە ئێران بناسرێت.

مەلا حەسەن شێوەسەڵی لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە گوندی\"شێوەسەڵی\" سەر بە شاری سەردەشت لە دایکبووە و لە ساڵی ٤٣ی هەتاوی بووەتە ئەندامی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ٥٨ی هەتاوی وەکوو ئەندامی ڕێبەری ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە؛ لە ١٦ سەرماوەزی ٦٦ی هەتاوی، حکوومەتی ئێران پاش ئاگادار بوون لە خولیای ناوبراو بۆ خوێندنەوەی کتێبی \"سپی ددان\" لە نووسینی جەک لەندەن، ئەو کتێبەی بە بومبڕێژکراوی لە ڕێگای دوو کەس لە دەست‌وپەیوندییەکانی خۆیەوە بۆ ناوبراو نارد، کە بە هۆی تەقینەوەی ئەو کتێبە هەر دوو چاو و دەستی لە دەستداو و ئاستی بیستنی لە سەدا بۆ ٢٥دابەزی.